سەلاحەددین.. بەهۆی دزینی نزیکەی 240 هەزار لیتر بەنزینی حکوومی، 19 کارمەند دەستگیر کران
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، 19 کارمەندی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان لە پارێزگای سەلاحەددین بەهۆی دزینی نزیکەی 250 هەزار لیتر بەنزین لە چەند وێستگەیەکی سووتەمەنی حکوومەتی، دەستگیر کرد.
یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "تیمێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەلاحەددین، ڕەوانەی ژمارەیەک وێستگەی بەنزینی حکوومی لە سامەڕا، تکریت و ناحیەی عەلەم کران و بۆیان دەرکەوتووە لە هەندێک لەو ویستگانە کێشە هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە "19 کارمەندی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی بڕی 239 هەزار و 241 لیتر کەمتر لە ڕێژەی دیاریکراو، بەنزینیان بە وێستگەکان داوە."
ڕاشیگەیاند، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە تایبەتمەند لە پشکنینی دۆسیەکانی دەستەی دەستپاکی لە سەلاحەددین، تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.