چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق تاوتوێی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان کرد

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، باس لە پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا و حکوومەتی فیدراڵی پێداچوونەوەی بەو ڕێکارانە کرد کە گیراونەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە بە پێی بڕگەکانی دەستوور.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی بەغدا، نامەکەی مەسرور بارزانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق لە نێوان گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاردانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرا.
هاوکات جەختیان لەسەر پێویستی پارستنی سەروەری عێراق و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو لەو بارەیەوە کردەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و حکوومەتی فیدراڵی پێداچوونەوەی بەو ڕێکارانە کرد کە گیراونەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە بە پێی بڕگەکانی دەستوور.
هەر ئەمڕۆ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نامەی سەرۆک وەزیرانی مەسرور بارزانی، بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.