فەرماندەی تیپی 71ـی پیادەی ئارتەش کوژرا

ئاژانس دانشجوی ئێرانی، بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل، عەلی حوسێن محەممەدی، فەرماندەی تیپی 71ـی پیادەی ئارتەش کوژرا.
ئاژانسی دانشجوی ئێرانی لە زاری کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەمینی ئارتەشی ئێران بڵاوی کردەوە، دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی نەفت شەهر، عەلی حوسێن محەممەدی، فەرماندەی تیپی 71ـی پیادەی ئارتەش کوژراوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، جگە لە فەرماندەی تیپی 71، ژمارەیەک ئەفسەری دیکە لە هێرشەکەدا کوژراون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.