شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە پێناو چارەکردنی کێشەی مووچە زۆر هاوکار بووە

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بە سوپاسەوە لەپێناو چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا .

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسیوویەتی: مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ئامانجی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.

باسی لەوە کرد، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە تەواوی کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسیان  لە چارەکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بە زووترین کات کردووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەی لە بەغدا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن.

گوتیشی: بە سوپاسەوە لەپێناو چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێ جار دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا.