"بەهۆی گەندەڵی" گەشتكردن لە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك قەدەغە دەكرێت
دەستەی دەستپاکی "گەندەڵییەکانی" ئاشکرا دەکات
K24 - کەرکووک
دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک "بهتۆمهتی بهفیڕۆدانی سامانی گشتی، بڕیاری قەدەغەی گەشتكردنی بۆ دەرچوو".
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-9-2020) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد "دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت ئەو فەرمانەی داوە بەهۆی بوونی حاڵەتی بەهەدەردانی سامانی گشتیی لە پرۆژەی بنیادنانی قوتابخانەی ئامادە، کە پرۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 57 ملیار دینار (57,894,000,000) دراوەتە کۆمپانیایەکی بیانی".
دادگای تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی لە کەرکووک، ئەو بڕیارەی بەپێی ماددەی 320 لە یاسای سزادانی عێراقی داوە. دەقی یاساکە دەڵێ "هەر کارمەند یان راسپێردراو بە کارێکی گشتی، بەمەبەست زیان بە سامان یان بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی ئیشی تێدا دەکات، بگەیەنێت بەماوەیەک زیندانی دەکرێت، کە زیاتر نەبێت لە حەوت ساڵ".
دادگاکە بەهۆی هەمان کەیس، فەرمانی دەستبەسەرکردن و رێگەگرتن لە گەشتی بۆ 23 کارمەندی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک دەرکردووە، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، پرۆژەی دروستکردنی 25 باڵەخانەی قوتابخانەی ئامادە لە کەرکووک راگەیەنرا کە دراوەتە کۆمپانیایەکی بیانی.
دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، ئەو گەندەڵییەی لە پرۆژەکە کراوە پێکدێت لە:" کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دیزایینی سەرەکی گۆڕیوە، ژمارەی قوتابخانەکان لە 25ـەوە بۆ 18 کەمکراونەتەوە، دیزایین و رووبەر دەستکارییان کراوە، کە ئەمانەش پێچەوانەی گرێبەست و رەزامەندیی وەزارەتی پلاندانان بوون".
ئەو بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە، لەو ماوانەی دواییدا، دەیان بەرپرس و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نزیک لە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، فەرمانی دەستبەسەرکردن و قەدەغەی گەشتکردنیان بۆ دەرچووە.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە دەدات:
هـ.ر.