مەسرور بارزانی و پلاسخارت دۆخی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ دەكەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە  جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی کێشەکان کردەوە لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراق .

میکانیزمەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و زەمینە خۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.