ئومێد خۆشناو: فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی پابهند دهبن به رێككەوتنەكانی ھەردوو حزب
ئەم رێككەوتنە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ھەرسێ لایەنی بەشداره لە حكومەتدا
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلهمانی كوردستان رایگەیاند، ئێمە وەكو ھەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی پابەندكراوین كە پابەندی رێكەوتنەكانی پێشووی پارتی و یەكێتی بین و ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا جەختمانكردووتەوە كەوا ھەردوو فراكسیۆن پابەندین بەو رێككەوتنانەی لە نێوان مەكتەبی سیاسی ھەردوو حزبدا واژووكراون.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆن پارتی لە پەرلەمانی كوردستاندا، گوتی: راستە پێشتر ھەندێك جار ناكۆكی لەنێوان ھەردوو فراكسیۆندا ھەبووە، بەڵام ئێستا رێكەوتووین، ھەردوو فراكسیون بە تەواوی پابەندی ئەو رێكەوتنانەی رابردوو دەبین، كە لە نێوان ھەردوو حزبدا "پارتی و یەكێتی" واژووكراون و لەو چوارچێوەیەدا لە كارەكانی پەرلەماندا ھەنگاو دەنێین.
خۆشناو گوتیشی: ئەم رێككەوتنە بەو واتایە نایهت، ئێمە وەكو دوو فراكسیۆنی گەورە لە پەرلەماندا قۆرغكاری دەكەین و پەرلەمان بەو شێوەیەی كە دەمانەوێت ئاراستە دەكەین، بەڵكو بەشێكی گرنگ دەبین لە كاراكردنی كاری پەرلەمان، لە رێزگرتن لە ئۆپۆزیسیۆن و چاودێركردنێكی باشتری كاری حكومەت.
روونیشیكردەوە، بە دڵنیاییەوە ھیچ یەكێك لە ئێمە، لە بەشداربووانی حكومەت ناتوانین خۆمان بێبەری بكەین لە كارەكانی حكومەت و پشتیوانی لە كارەكانی حكومەتیش دەكەین.
ئاشكراشیكرد، ئەو رێككەوتنە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی پێشوی نێوان لایەنەكانی پێكھاتنی حكومەتە لە پارتی و گۆڕان و یەكێتی.