هاوكارییهكانی ئهمهریكا بۆ ھێزی پێشمهرگه بەردهوامە
باڵیۆزی ئهمریكا له عێراق: پێزانینمان ههیه بۆ ئازایهتی و قوربانیدانی پێشمهرگه
K24 – ھەولێر:
ئەمهریکا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار ھاوکاری سەربازیی پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد، ھاوکارییەکان سەربازی و لۆجستین. زیاتر لە 250 ھامەری سەربازی و چەکی سووک و قورس پاکێجی ھاوکارییەکەن. راھێنان بەو پێشمەرگانەش دەکەن، کە کارپێکەری ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانن و بەکارھێنەری چەکەکان دەبن. ئەمە جگە لە رادیۆ و کەلوپەلی یەدەگ؛ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە داھاتوودا پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەی دەکات. کۆی ئەو ھاوکارییەی ئێستا پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بڕەکەی 250 ملیۆن دۆلارە.
لە کاتی پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی: وڵاتەکەی قۆربانیدانی پێشمەرگەی بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەبیر نەکردووە.
ئەم ھاوکارییەی ئەمهریکا بۆ پڕچەککردنی ھەردوو لیوای 14 و 16ی ھێزەکانی پێشمەرگەیە، بڕیاریشە تەواوی لیواکانی پێشمەرگە ھاوشێوە پڕچەک بکرێن.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گوتی: ئەمهریکا چۆن لە رابردوودا لەگەڵ پێشەرگە بووە، لە داھاتووشدا بە ھەمان شێوە دەبێت و لەگەڵ ھێزەکانی ئەمهریکا لە ھەماھەنگی بەردەوام دەبین، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە تاوەکو ئێستا بەھێز ماوە.
ھاوکارییەكانی ئەمهریکا بۆ پێشمەرگە بەمە کۆتایی نایەت، بەڵکو چاککردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی پێشكەش بەپێشمەرگە كراون لە کاتی تێکچوونیشیان لە ئەستۆی ئەمهریكاییهكان دەبێت. جگە لە تەرخانکردنی چەندین راوێژکاری باڵای سەربازی ئەمهریکا، بۆ ئەوەی بەردەوام راھێنان بەو لیوایانە بکەن کە پڕچەک دەکرێن و بەشێک دەبێت لەو ھاوکاریانەی ئەمهریکا پێشکەشی پێشمەرگەی دەکات.