کازمی سوپاسی مەسرور بارزانی دەکات

دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات

K24- هەولێر:

لەبارەی کوژرانی سێ ئەندامی خێزانێکی کورد لە بەغدا و دواتر دەستگیرکردنی تاوانبارەکە لە هەولێر لە لایەن دژە تیرۆری کوردستانەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە تویتێکی مستەفا کازمی هاتووە: "لەگەڵ هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکان، سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەمان لە تاوانێکی قێزەون کرد، كه‌ کوژرانی خێزانێکی عێراقییه‌ لە لایەن تاوانبارێکەوە".

کازمی نووسیویەتی: "سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان دەکەم بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییە فیدڕاڵییەکان بۆ گەیشتن بە تاوانبارەکە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دژە تیرۆری کوردستان پێشتر ده‌قی دانپێدانانی بكوژی خێزانه‌ كورده‌كه‌ی به‌غدای بڵاوكرده‌وه‌، دواتریش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، تاوانبار بەگوێرەی یاسا رادەستی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەکرێتەوە.