زانیاری نوێ لەبارەی كاركردن بۆ گواستنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێی ھەولێر دەخرێتەڕوو
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: تائێستا 60% كارەكان تەواو بووە
K24 – ھەولێر
چەند رۆژێكە بەھۆی گواستنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێی ھەولێر، ئاوی ژمارەیەك گەڕەك گیراوەتەوە، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر رایدەگەیەنێت، 60% كارەكە تەواو بووە و ئەگەر ھەیە سبەی كۆتایی بێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر بە ماڵپەڕی كوردستان24ی گوت: "كاركردن لە گواستنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بەردەوامە، بەڵام بەھۆی زەح،ەتی و قورسی كارەكە 48 كاتژمێر تێپەڕیوە ھێشتا نەتوانراوە تەواو بكرێت".
روونیكردەوە: "تائێستا 60% كارەكان تەواو بووە، ئەگەر ھەیە سبەی كاركردن بۆ گواستنەوەی بۆرییەكە تەواو بێت و ئاو گەڕەكەكان بەربدرێتەوە".
بۆری ئاوی ئیفراز سێ گەورەترین بۆری گواستنەوەی ئاوە بۆ ناو شاری ھەولێر، بەھۆی پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر – دھۆك، رۆژی سێ شەممە 14/9/2020 دەستكرا بە گواستنەوەی بۆرییەكە، بۆیە چەند رۆژێكە ئاوی ژمارەیەك گەڕەكی ھەولێر گیراوەتەوە.





