بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بەستنی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ تەواو بوو
"ئەمشەو تاقی دەکەینەوە، کێشەی نەبێت ئاوی سەرجەم گەڕەکەکان دەدرێتەوە"
K24 - هەولێر
چەند رۆژیکە نزیکەی 40٪ـی گەڕەکەکانی هەولێر بەهۆی کارکردن لە بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر بێ ئاون، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێ "کارکردن لەو بۆڕییە تەواو بووە".
لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند "بەستنی بۆڕییەکە تەواو بووە و ئەم ئێوارەیە لەڕێگەی پەمپەوە تاقی دەکەینەوە، ئەگەر کێشەی نەبێت، شەو ئاوی سەرجەم ئەو گەڕەکانە بەردەرێتەوە کە چەند رۆژێکە بێ ئاون".
بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر لە ئێوارەی 13-9-2020 واتا چوار رۆژ پێش ئێستا شکا. تیمەکانی چاککردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و ئەندازیاران لەو رۆژەوە دەستیان بە کارکردووە بۆ گۆڕینی شوێن و ئاراستەکەی.
محەمەد نەجیب، ئەندازیاری پرۆژەکە ئەوکاتە بە کوردستان24ـی گوتبوو "پێشتر پلانمان هەبوو ئەو بۆڕییە بگوازینەوە، چونکە شەقامی بەسەرەوەیە و دەکەوێتە ژێر شەقامی گۆپاڵ هەولێر، ئەو بۆڕییە GRPـیە، هەر دەشکا و بەرگەی نەدەگرت، داماننابوو بیگۆڕین و بیکەینە بۆڕیی کاربۆن ستیل، لەکاتی کارکردنیشدا حەفارەیەک خۆی لێدا، بۆیە ناچاربووین بیگوازینەوە".
بەگشتی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر لە ناوچەی دەواجنەوە بۆ هەولێری نوێ، تاوەکو حەسارۆک و رێگەی کەرکووک هەموویان بێ ئاو بوون، ئەمانەش جگە لە ئەڵقەی 60 مەتری واتا بەگشتی 35٪ بۆ 40٪ـی گەڕەکەکانی هەولێر.
هـ.ر.