ئێران ڕازی بووە شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران بکات
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕازیبوونە ڕێگە بە شاندێکی تەکنیکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدەن لە هەفتەکانی داهاتوو بە مەبەستی دەست پێ کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان سەردانی تاران بکەن.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگە بە شاندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات سەردانی تاران بکەن.
گوتیشی: شاندەکە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ناکات، بەڵکوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شێوازێکی نوێی کارکردن سەردانی تاران دەکەن.
ڕۆژی چوارشەممە، 25-6-2025، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەکە بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.
هەروەها پێشتر ڕ ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستانبۆڵ بەڕێوە بچێت.