دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کرد
دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەنگیری حکوومەتی تورکیا دەستی پێ کرد.
چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیی نزیک بڵاوی کردووەتەوە، دانوستانی ڕاستەوخۆی شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبۆڵ دەستی پێ کردووە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی دەستی پێ کردنی دانوستانەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ گەیشتنە ئاگربەست لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ئامادەیە بەرپرسیاریەتی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات.
گوتیشی: تورکیا ئاگادرە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەنجامی دانوستانەکانی دوو گەڕی ڕابردوو ڕازییە.
فیدان ئەوەشی خستە ڕوو، ئامانجی ئەوان لە دانوستانەکە دەستبەجێ ڕاگرتنی خوێنڕشتنە، گەیشتنە بە ئاگربەستێک کە بە تەواوی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت
باسی لەوەش کرد، تورکیا بۆ چاودێریکردن و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا توانا و ژێرخانی پێویستی هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە شاندی ئۆکرانیا بەمەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا گەیشتنە ئیستانبوڵ. هاوکات ڤلادیمێر مێدێنسکی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی دانوستانەکان پێشبینی کردبوو گەڕی ئەم جارەی دانوستانەکان شاندی هەر دوو وڵات بە وردی قسە لە بارەی ئاگربەست بکەن.
ئاماژەشی دابوو، لە دانوستانەکە دا، کار لەسەر ئازادکردنی دیلەکان و ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دا دەکەن. گوتیشی: بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025،ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.
گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا
هەینی 16ی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خەیاند.
دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.
قۆناغی ئەڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی 23ی ئایاری 2025 دەستی پێ کرد، کە پێکهاتبوو لە ئەڵوگۆڕکردنی 1000 دیل. کە لە نێوانیان دا جگە لە سەربازەکان، 120 هاووڵاتی مەدەنی هەبوو.
گەڕی دووەمی دانوستانەکان ئۆکرانیا و ڕووسیا
ڕۆژی دووشەممە 2ی حوزیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانووستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا بەڕیوە چوو، بە گوێرەی بەرپرسانی هەر دوو شاندەکە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن.
ڤلادیمێر مێدێنسکی، سەرۆکی شاندی ڕووسیا، لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، لەسەر بنەمای سەقامگیری و ئاشتی دوو ڕەشنووسیان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووه، کە ڕەشنووسی دووەم پێشنیازیی چەند ڕێگایەکە بۆ ئەگربەستی نێوانمان دەکات.
دووپاتیشی کردبووە: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئۆکرانیا شەش هەزار تەرم ئاڵوگۆر دەکەین. هاوکات لەسەر ئازادکردنی هەزار بۆ هەزار و 200 لەو دیلانەی برینی سەختیان هەیە یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە ڕێککەوتین."