ترەمپ: حەماس لە بری ڕێککەوتن، مردنی هەڵبژارد
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕەخنە لە حەماس دەگرێت و دەڵێت، ئەو بزووتنەوەیە نایەوێت ڕێککەوتن بکات، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان لە غەززە قورس دەبێت، بۆیە پێم وایە ئەوان دەڕووخێن.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حەماس نایەوێت ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی دیلەکان بکات، بەڵکوو مردنی دەوێت، بۆیە پێم وایە ئەو بزووتنەوەیە دەڕووخێت.
لەبارەی هەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بە فەرمی ناساندی وڵاتی فەلەستین گوتی: "سەرۆکی فەرەنسا کوڕێکی باشە"، بەڵام لێدوانەکانی هیچ بەهایەکییان نییە و هیچ شتێک ناگۆڕێت.
گوتیشی: لەبارەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەم کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان لە غەززە قورسە، چونکە حەماس دەزانێت کە هیچ کارتێکم بۆ سازشکردن نییە.
حەماس لەبارەی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕایگەیاند، لە پێناو سەرخستنی ئاگربەستی غەززە، وەڵامێکی ئەرێنییان بۆ پێشنیازی نێوەنگیران داوەتەوە، بەڵامن لێدوانە نەرێنییەکانی ویتکۆف پێچەوانەی چوارچێوەی دانوستانەکان بوو.
دوێنێ پێنجشەممە، ستیڤ ویتکۆف، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: بۆ ڕاوێژکردن لەبارەی وەڵامەکەی حەماس، بڕیاریان داوە تیمەکەیان لە دەوحە بگەڕێننەوە. ئاماژەشی دابوو، وەڵامەکەی ئەو بزووتنەوەیە دەرخەری ئەوەیە ئارەزووی ئاگربەستییان نییە.