ترەمپ: تایلەند و کەمبۆدیا ڕازی بوونە دانوستان بۆ ئاگربەست بکەن
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەر دوو سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا و تایلەند ڕازی بوونە دەستبەجێ کار لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بکەن، دەشڵێت، هەر کاتێکیش ئاشتی ڕاگەیەندرا، گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دەست پێ دەکەینەوە.
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی: بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ فومتام وێچاتچای، سەرۆک وەزیرانی تایلەند (بە وەکالەت) و هون مانێت سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا کرد.
ترەمپ ئاماژەشی دا، هەردوو سەرۆک وەزیرانەکە ئاگربەستێکی دەستبەجێیان دەوێت، هاوکات ئەو دوو وڵاتە بە پەرۆشن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام تاوەکوو جەنگەکە نەوەستێنن، گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، ئەوان (فومتام وێچاتچای و هون مانێت) ڕازیبوون دەستبەجێ کار لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکەن.
هەروەها نووسیویەتی: تایلەند و کەمبۆدیا دەستکەوتی مێژوویان بەدەست هێناوە، بۆیە هیوادارم بۆ چەندین ساڵ لە ئاشتیدا بژین، هەرکاتێکیش ئاشتی ڕاگەیەندرا، ئێمەش دەست بە گفتوگۆ بازرگانییەکان دەکەینەوە.
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی توندی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا دەیان کەس کوژراون، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین، ئەمەش سەختترین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتە لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابردوودا.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دووبارە سەریان هەڵدایەوە پاش ئەوەی چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، تایلەند باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا کشاندەوە و ڕایگەیاند، کە نوێنەری کەمبۆدیا لە وڵاتەکەی دەردەکات، هەروەها بۆ ڕۆژی دواتر پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 16ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی تایلەند، پێگەیەکی سەربازیی کەمبۆدیای بۆمباران کرد.