ترەمپ: لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پرسی بازرگانی ڕێککەوتین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئورسولا ڤۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە سکۆتلەندا لە بارەی باجی گومرگی و ڕێککەوتنی بازرگانی کۆبوونەوە.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا ڕێککەوتووین. ئاماژەشی دا، ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک دەبێت.

ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا بە بەهایی 750 ملیار دۆلار وزە لە ئەمەریکا دەکڕێت و بە بەهای 600 ملیار دۆلاریش وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات. هاوکات بە ڕێژەی 15% باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی ئەورووپا دەسەپێنن.

لای خۆشیەوە، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ستایشی رێککەوتنەکەی کرد و دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنێکی باشییان کردووە؛ گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی سەقامگیری بازرگانی و لەسەر نەهێشتنی باجی گومرگی لەسەر چەند بەرهەمێکیش ڕێککەوتن .

باسی لەوەش کرد، کڕینی وزەی ئەمەریکا یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەمەچەشنکردن و بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا. ئاماژەشی داوە گرێبەستەکە بە بەهای 750 ملیار دۆلار دەبێت، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت و بۆ هەر ساڵێک بە بەهای 250 ملیار دۆلار وزە لە ئەمەریکا دەکڕن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئامانجی کڕینی وزە لە ئەمەریکای خستەڕوو، گوتیشی: بە کڕینی وزە لە ئەمەریکا دەمانەوێت بە تەواوی سووتەمەنی ڕووسیا لەناوببەین.

 بەر لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو: هیوادارم بتوانین هەندێک کێشەی نێوانمان چارە بکەین. ئاماژەشی دابوو، ڕێژەی سەپاندنی باجی گومرگی بە سەر ئەورووپا بۆ 15% کەم ناکەوە.

شه‌ممه‌، 12ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپای ناردبوو ، تێیدا هاتبوو: سەرەڕای ئەو کورتهێنانە ئابوورییە گه‌وره‌یه‌ی لەگەڵ يه‌كێتيى ئه‌ورووپا هەمانە، بەڵام لە پەیوەندیی بازرگانی نێوانمان بەردەوام دەبین.

ئاماژەشی دابوو، بۆ ئەوەی بازرگانییەکی دادپەروەرانە و یەکسان لە نێوانیان هەبێت و لە کورتهێنانی ئابووریی دووربێت، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوه‌كانی يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و مەکسیک بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت.