سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات

سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان ئوردن، میسر و ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش کران، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، هێشتا بەدخۆراکی لە کەرتەکە لە ئاستێکی مەترسیدار دایە.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی رادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان رۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکەکانی ئوردن و ئیمارات نزیکەی 25 تۆن هاوکاری مرۆییان گەیاندووەتە غەززە، هەروەها لە هەواڵەکەی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە، ڕێکخراوی مانگی سووری میسریش زیاتر لە 100 بارهەڵگر و هەزار و 200 تۆن خۆراکی ڕەوانەی غەززە کردووە.

لای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە گوتی: ئێمە 60 ملیۆن دۆلارمان بۆ دابینکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە بەخشیوە، پێم وایە هیچ وڵاتێک وەکوو ئێمەی نەکردووە، کەچی کەس باسی نەکردووە، ئاماژەی بەوەشدا، لە دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە بەردەوام دەبن، بەڵام دەبێت وڵاتانی دیکەش لەو هەوڵە بەشدار بن.

هەروەها  جەختیکردەوە، دەبێت ئیسرائیل بەزووترین کات بڕیارێک لەبارەی غەززە بدات، گوتیشی: ئەگەر ئیسرائیل زوو بڕیار نەدات، بۆخۆم دەزانم چی دەکەم، ئێستا بڕیارەکە لە دەست ئیسرائیلە.

سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگەی بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کردووەتەوە، بۆیە چیتر گلەی لە حکوومەتەکەی نەکەن.

لەبەرامبەریشدا تۆم فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( ئێکس) پێشوازی لە ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە کرد و نووسیویەتی: ستافەکانیان لە کاتی ئاگربەسەتەکە هەوڵەکانیان بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان چڕتردەکەنەوە.

هەرچی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی دا، کە ڕێژەی بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە، لە ئاستێکی مەترسیدار دایە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە کەرتەکە گیانیان لەدەستداوە.

لەنێوەڕۆکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە.  ئەمساڵ بەهۆی بەدخۆراکی 74 کەس گیانیان لە دەستداوە، کە 63ـیان لە مانگی تەممووز بووە، لەنێویاندا 24ـ منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان هەن.

باسی لەوەش کردووە، دواخستنی هاوکارییە مرۆییەکان بە ئەنقەس بووەتە هۆکار کە ژمارەی قوربانییان زۆر بێت.

ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە هەر پێنج منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە کەرتی غەززە یەکێکتان دووچاری بەدخۆراکی بووە.

ڕۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بەڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێکدێت و  ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.