یائیر لاپید: شەڕی غەززە بەردەوام بێت، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیی پشت لە ئیسرائیل دەکات

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل هۆشداری دا ئەگەر شەڕی غەززە بەردەوام بێت، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشت لە وڵاتەکەی دەکەن، گوتیشی: ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات کارەساتە.

دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە بارەی دۆخی غەززە ڕایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی لە غەززە شکستییان هێناوە، شەڕی غەززە دەبێت لە ڕێگە ئاگربەستێکی گشتگیر و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کۆتایی بێت. گوتیشی: ئەوە ڕوو دەدات سەرکەوتن نییە، بەڵکوو کارەساتە.

باسی لەوەش کردووە، ئەگەر شەڕی غەززە کۆتایی نەێت، ئەوا هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە لەدەستدانی باشترین سەربازەکانی بەردەوام دەبێت و قەیرانی مرۆییش زیاتر دەبێت، بەم شێوەیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشت لە وڵاتەکەیان دەکات.

ئاماژەشی داوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەززە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، لەو کاتەی شەڕەکە دەستی پێ کردووە، چوار جار خان یونس و سێ جار جەبەلییە کۆنترۆڵ کراوە، بەم شێوەیە هیچ کێشەیەک چارە ناکرێت، بەڵکوو دەبێت ڕێگایەکی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە.

دوای ئەوەی ڕێکخراو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشدارییان لە بارەی دۆخی مەترسیداری غەززە دا و فشارەکانیان لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان چڕ کردەوە، ئەو وڵاتە بڕیاری دا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دابین بکات.