دیمیتری مێدڤێدێڤ بۆ ترەمپ: ئێمە، ئێران و ئیسرائیل نین یاریمان لەگەڵ بکەیت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕەخنە لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی 10 بۆ 12 ڕۆژ مۆڵەت دان بە وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا دەگرێت و دەڵێت، هەمان ڕێگای جۆو باید نەگریتەبەر، ئەوەش بزانە ڕووسیا، ئیسرائیل و تەنانەت ئێرانیش نییە.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: ترەمپ یاری لەگەڵ ڕووسیا دەکات، جارێک دەڵێت 50 ڕۆژ مۆڵەتتان هەیە، جارێک دەڵێت 10 ڕۆژ.

ئاماژەشی داوە، سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت دوو شت بزانێت، ئەویش یەکەمیان ئەوەیە، ڕووسیا، ئیسرائیل و تەنانەت ئێرانیش نییە، دووەم ئەو هەڕەشانەی ترەمپ بەرەو جەنگیان دەبات، ڕوونیشی کردووەتەوە، جەنگ لە نیوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نە، بەڵکوو جەنگ لە نێو وڵاتەکەی ڕوو دەدات.

هەروەها هۆشداریشی دایە ترەمپ و نووسیویەتی: لە بەرانبەر ڕووسیادا هەمان ڕێگای جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نەگریتەبەر.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، زۆر لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بێئومێد بووە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتی پێی دابوو، کەمی بکەمەوە؛ ئاماژەشی دابوو، 10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچوونێکمان لە بارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوە و ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن.