هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین

کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک دەستی پێ کرد، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردووە و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو دەبات، لە بەرانبەر دا فەرەنسا هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیە و ڕژدە لەسەر ئەوە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕا گەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل، بێ بەرهەم دەبێت و لە کاتێکی هەڵەدا بەڕێوە دەچێت. ئاماژەشی داوە، ئەو کۆنفرانسە بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی هەیە، ئەمەش هەنگاوەکان بۆ ئاشتی قورستر دەکات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵنەرە دیپلۆماسییە تیرۆریست پاداشت دەکات، هەروەها بەڵێنی دان پێدانانی دەوڵەتی فەلەستینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە خزمەت بە دوژمن دەگەیەنێت.

فەرەنسا

لای خۆشییەوە ژان نۆیل باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل تاکە ڕێگە چارەی سیاسییە بۆ ئەوەی ئەو دوو نەتەوەیە بە ئاشتی بژین، دووپاتیشی کردەوە هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە.

باڕۆ دووپاتیشی کردەوە، هانی وڵاتان دەدەن دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، هەروەها پاریس پێداگرە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا بە فەرمی ئەو دانپێنانەی ڕابگەیەنێت.

باسی لەوەش کرد، لە کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوا دەنگ بە پرۆژەکە دەدەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی وڵاتەکان بکات.

ئاماژەشی داوە، خەیاڵییە ئەگەر وا بیر بکەنەوە کە بەبێ نەخشە ڕێگایەک بۆ دوای شەڕی غەززە، ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە کەرتەکە ڕابگەیەندرێت.

 سعوودیە

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە ڕایگەیاند، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە دادپەروەری بۆ گەلی فەلەستین. جەختیشی کردەوە کە سعوودییە پشتیوانی لە ڕاگەیاندی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین دەکات.

گوتیشی: ئەمە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو باوەڕێکی پتەویە کە دەوڵەتی فەلەستینی هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە.

فەلەستین

لای خۆشییەوە، محەممەد موستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین، لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و دەستبەجێ دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.

گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و حەماسیش دەستبەرداری ئەو ناوچانە بیت کە کۆنترۆڵی کردووە و چەکەکانیشی ڕادەستی حکوومەتی فەلەستین بکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین داوە.

پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.

هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.