ئێران.. ڕێژەی هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 35.3% و ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ، واتا مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، گەیشتووەتە 41.2 %.
ناوەندی ئاماری ئێران لە دواین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ پاش 18 مانگ مانەوە لە کەناڵی 30%دا لە مانگی تەممووزدا گەیشتووەتە 41.2 % کە بە بەرزترین ئاستی ئەو ڕێژەیە لە 24 مانگی ڕابردوودا دادەنرێت.
پێوەری دیاریکردنی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بریتییە لەو گۆڕانی نرخەی لە کۆتایی هەر مانگێکدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بەسەر سەبەتەی خۆراک و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییاندا دێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خێزانەکانی ئێران لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا سەبەتەیەکی نەگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە ڕێژەی 41.2 % گرانتر لە ساڵی ڕابردوو کڕیوە.
لە راپۆرتەکەی ناوەندی ئاماردا ڕێژەی هەڵاوسانەی ساڵانەش لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا 35.3% تۆمار کراوە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە مانگی حوزەیران 0.8% زیادی کردووە کە لە مانگی ئابی ساڵی 2024ـەوە تا ئێستا باڵاترین ژمارەی تۆمار کراوە.
پێوەری دیاریکردنی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بریتییە لە ڕێژەی سەدیی گۆڕانی تێکڕای ژمارە پێوانەکانی نرخی بەکارهێنەر لە ماوەی 12 مانگی بەر لە هەر مانگێک بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر.
ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەشی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئاستی گشتیی نرخەکان لە مانگی تەممووزدا %3.5 هەڵکشاوە. ئەمەش لە کاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تەممووزی 2024دا. %2.2 بووە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش گەیشتووەتە 3.3%.
لە ئێران توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە بەپێی داهات بە 10 توێژ دابەش کراون. بەپێی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی ئامار ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی تەممووزدا بۆ توێژە جیاوازەکان لە نێوان %35 بۆ %35.6 دایە، ئەوەش دەری دەخات جیاوازیی هەڵاوسان بۆ توێژە جیاوازەکان لەو مانگەدا گەیشتووەتە 0.6%.