ویتکۆف بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاگربەستی غەززە دەچێتە ئیسرائیل

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخی مرۆیی غەززە و دواین پەرەسەندنەکان لە بارەی ئاگربەستی کەرتەکە دەچێتە ئیسرائیل.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی وڵاتەکەی دەکات.

لای خۆشییەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی فەرمی ئیدارەی ترەمپ بڵاوی کردووەتەوە، سەردانەکەی ویتکۆف ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025 دەبێت و  بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان و قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە دەبێت. ئاماژەشی داوە، ڕەنگە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا سەردانی ناوەندی دەزگای خێرخوازی غەززە بکات.

هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئەمەریکییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت زانیاری زیاتر لەبارەی دۆخی غەززە بزانێت، بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ ئەو کەرتە بنێرێت.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ناوەندێکی دابەشکردنی خواردن لە غەززە دروست دەکەن، کە خەڵک بە شێوەیەکی ئازادانە بەبێ هیچ بەربەستێک خواردن وەرگرن.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دابوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی و چەند ناوچەیەکی دیکەی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 8ی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی ڕادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان ڕۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.

ڕۆژی شەممە 26ـی  تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بە ڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێک دێت و ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.