ماکرۆن: یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمەریکا، بەهێز دەرنەکەوت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ وێنە: ڕۆیتەرز
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ وێنە: ڕۆیتەرز

سەرۆکی فەرەنسا ڕەخنە لە ڕێککەوتنە بازرگانییەکەی نێوان ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەگرێت و ئاماژەی داوە، ئەورووپا لە کۆبوونەوەکەدا ترسناک و بەهێز دەرنەکەوت.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەورووپا لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئەمەریکا هێزی خۆی پیشاندا، ئاماژەشی داوە، بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێت ترسناک بیت، بەڵام ئەورووپا بە تەواوی لە کۆبوونەوەکەدا ترسناک نەبوو.

سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: ئەمە تەنیا یەکەم هەنگاوی ڕێککەوتنەکە بوو، دانوستانی زیاتر لەبارەی دەکەن. باسی لەوەش کردووە، هەمیشە هەڵوێستی فەرەنسا توند بووە و لە ڕێککەوتنەکاندا داوای زۆری کردووە، لەسەر ئەو هەڵوێستەش بەردەوام دەبێت.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا ڕێککەوتووین. ئاماژەشی دا، ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک دەبێت.

ترەمپ ڕوونیشی کردبووە، یەکێتیی ئەورووپا بە بەهایی 750 ملیار دۆلار وزە لە ئەمەریکا دەکڕێت و بە بەهای 600 ملیار دۆلاریش وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات. هاوکات بە ڕێژەی 15% باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی ئەورووپا دەسەپێنن.