سبەی لە ئازربایجان و ڕووسیا تاوتوێی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ تەلئەڤیڤ و مۆسکۆ دەکرێت

ئاڵای سووریا, ڕووسیا و ئیسرائیل
ئاڵای سووریا, ڕووسیا و ئیسرائیل

بڕیارە سبەی وەزیری دەرەوەی سووریا بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ و وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە باکۆ کۆببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری دیپلۆماتێک بڵاوی کردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە باکۆ کۆدەبنەوە.

ئاماژەشی داوە، کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی ئەمنی بە تایبەت لە باشووری سووریا و ئاگربەستی نێوانیان دەبێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و سووریا باس لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندی دوو لایەن و کێشە ناوخۆی و جیهانییەکان دەکەن.

ئەم کۆبوونەوەیەش لە کاتێکدایە شەممە 26ـی تەممووزی 2025، تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی وڵاتەکەی ڕایگەیاندبووە، لە کۆتا سەردانی شاندی سووریا بۆ پاریس کە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی و حوسێن سەلامە، بەرپرسی هەواڵگری سووریا پێک هاتبوون، لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبوونەوەتەوە.

ئاماژەشی دابوو، لە کۆبوونەوەکەندا باسییان لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی پارێزگای سوەیدا و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوە و چارەکردنی کێشەکان لە باشووری سووریا و ڕێککەوتنی نیوانیان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە سووریا کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستبوو ڕوو، لە کۆبوونەوەکەی پاریس، هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە، تەنیا دەستپێشخەرییەکی سەرەتایی بووە، بۆ لێکتێگەیشتن و ڕاوێژکردن لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە بووە.