هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران دەکات

ڕۆژنامەیەک بڵاوی کردووەتەوە، شاندێکی تەکنیکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە مەبەستی دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەم نزیکانە سەردانی تاران دەکەن.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ یەکەم جار دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران سەردانی تاران دەکات.

ئاماژەشی داوە، شاندی تەکنیکی ئاژانسەکە بە مەبەستی دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن. بەو هیوایەشن بتوانن دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوەی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئێران بڕەخسێنن.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە، یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی دیکەی ئەو شاندە ئەوەیە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، بەڵام پێشتر بەرپرسانی ئەو وڵاتە دووپاتییان کردبووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن.

دووشەممە، 28ـی تەممووز، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بارەی ئاژانسەکە ئاماژەی دابوو، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری پەرلەمان، دەبێت بزانین چۆن بەردەوامیی بە هاوکارییەکان لەگەڵ ئەو ئاژانسە بدەین، باسیشی لەوە کردبوو، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یەکێک لە بەرپرسانی ئاژانسەکە سەردانی ئێران دەکات.

چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، وڵاتەکەی ڕێگە بە شاندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات سەردانی تاران بکەن.

گوتیشی: شاندەکە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ناکات، بەڵکوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شێوازێکی نوێی کارکردن سەردانی تاران دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە، 25-6-2025، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەکە بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

هەروەها پێشتر ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.