پوتن: مەرجی ئێمە بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا نەگۆڕاوە

سەرۆکی ڕووسیا سەرەڕای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆ، دووپاتی کردەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا نەگۆڕاوە، مەرجی ئەوانیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چارەکردنی کێشەکان لە ڕیشەوە.

هەینی 1ـی ئابی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا گوتی: لەسەر بنەمایەکی بەهێز ئاشتییەکی هەمیشەییمان دەوێت بە شێوەیەک بە ڕەزامەندی وڵاتەکەمان و ئۆکرانیا بێت و دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایشی هەر دوو وڵات بدرێت.

ئاماژەشی دا، ئامانجی ڕووسیا لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا نەگۆڕاوە، هاوکات مەرجەکانی ئێمە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکەش نەگۆڕاوە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر کیێڤ پێی وایە ئێستا کاتی دانوستان نییە، ئەوا مۆسکۆ چاوەڕێی کاتێکی گونجاو دەکات، هاوکات سێ گەڕی دانوستانەکان تاوەکوو ئێستا بەڕێوەچووە و ئێمەش لە گفتوگۆیەکان بەردەوام دەبین.

هەروەها گوتیشی: ئەگەر هەرکەسێک بێئومێد بێت، بەهۆی ئەوەوەیە پێشبینی ئەنجامی زۆر دەکات.

لای خۆشییەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێسنکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە، کە دەبێت دانوستانێک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی بەڕێوە بچێت، چونکە ئاشکرایە لە ڕووسیا کێ بڕیار دەدات و کێ دەتوانێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.

پێشتر بەرپرسانی مۆسکۆ ڕایانگەیاندبوو، نەبێت بە هیچ شێوەیەک ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، هاوکات جێگری کردنی هێزی ئاشتی پارێز لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیا ڕەت کردووەتەوە، هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاماژەیان دابوو هێزەکانیان لە چەند هەرێمێک لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ناکشێننەوە.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا تەنیا 10 ڕۆژی لە بەر دەست ماوە تاوەکوو لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێککەوبکەوێت.