ویتکۆف: بۆ ئاگاداربوون له‌ دۆخی مرۆیی سه‌ردانی كه‌رتی غه‌ززه‌م كرد

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی داوە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە نزیکەوە لە دۆخی مرۆیی غەززە، سەردانی ئەو کەرتەی کردووە، بۆ ئەوەی پلانێکی ورد لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دابڕێژن. هاوکات سەرۆکی ئەمەریکاش ڕایگەیاند، دەبووایە زۆر زووتر هاوکاری خەڵکی غەززەیان بکردایە.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئابی 2025، لەسەر ڕاسپاردەی دۆناڵد ترەمپ، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی غەززە، زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە غەززە مامەوە و سەردانی دەزگای خێرخوازی غەززە و ژمارەیەک دەزگای دیکەمان کرد، بۆ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر بارودۆخی مرۆیی کەرتەکە بگەیەنینە سەرۆکی ئەمەریکا.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو سەردانەی بۆ کەرتی غەززە بۆ ئەوەیە پلانێکی ورد بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی وەکوو خواردن و دەرمان بۆ کارتەکە دابین بکەن.

باسی لەوەش کردووە، دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، لە بارەی دۆخی مرۆیی غەززە، ژمارەیەک دیدارییان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل هەبوو.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، لەو بارەوە پێگەی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمەریکی گوت: کار لەسەر پلانێک دەکەین بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ کارتی غەززە دابین بکەین. باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت هاوکاری خەڵکی غەززە بکەن، جەختیشی کردووەتەوە، دەبووایە زۆر زووتر هاوکاری خەڵکی غەززەیان بکردایە.

ڕۆژی چوارشەممە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی فەرمی ئیدارەی ترەمپ بڵاوی کردووەتەوە، سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان و قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە دەبێت.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ناوەندێکی دابەشکردنی خواردن لە غەززە دروست دەکەن، کە خەڵک بە شێوەیەکی ئازادانە بەبێ هیچ بەربەستێک خواردن وەرگرن.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دابوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی و چەند ناوچەیەکی دیکەی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 8ی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی ڕادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان ڕۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.

ڕۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بە ڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێک دێت و ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.