لێدوانەکانی ترەمپ و مێدڤێدێڤ جووڵاندنی هێزی تێکەوت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە وەڵامی لێدوانە بێ ڕێزەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، دوو کەشتی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی ژێر دەریایی لە نزیک ڕووسیا جێگیر دەکات.

هەینی 1ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی لێدوانەکان مێدڤێدێڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: بەهۆی لێدوانە بێڕێزییەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، فەرمانم دا دوو کەشتی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی ژێر دەریایی لە ناوچەیەکی گونجاو و نزیک ئەو وڵاتە جێگیر بکرێن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاتوو لێدوانە بێ ڕێز و دوژمنکارانەکانی زیاتری بەدوادا هات.

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت، زۆر جار لێدوانەکان دەرەنجامێکی خراپییان لێ دەکەوێتەوە، هیوادارم قسەکانی مێدڤێدێڤ هیچی خراپی لێ نەکەوێتەوە.

دواتر سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە، جێگیرکردنی ئەو کەشتییانە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بووە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی: جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دروست کردووە، من تەنیا هەوڵی وەستانی دەدەم.

ئاماژەشی داوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە زیاتر لە 112 هەزار سەربازی کوژراون، بە شێوەیەک تەنیا ئەم مانگە نزیکە 20 هەزار سەربازی ڕووسی لە شەڕێکی بێمانادا لەگەڵ ئۆکرانیا کوژراون. هەروەها ئۆکرانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی هەشت هەزار سەربازی لێ کوژراون، ئەمە جگە لەو سەربازانەی چارەنووسیان نادیارە و خەڵکێکی زۆری مەدەنیش بوونەتە قوربانی.

دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: ترەمپ یاری لەگەڵ ڕووسیا دەکات، دەبێت بزانێت ڕووسیا، ئیسرائیل و تەنانەت ئێرانیش نییە، ئەو یارییانە بکات.

دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، زۆر لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بێئومێد بووە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتی پێی دابوو، کەمی بکەمەوە؛ ئاماژەشی دابوو، 10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچوونێکمان لە بارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوە و ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن.

ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە قسەی بە دیمیتری مێدڤێدێڤ گوت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نووسییبووی: بە مێدڤێدێڤ، سەرۆکی شکستخواردووی پێشووی ڕووسیا بڵێن؛ "بە وردی قسەکانی هەڵبژێرێت.

دواتر مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا، وەڵامی پۆستەکەی ترەمپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیالی دایەوە لە تەلەگرامدا نووسیبووی: سەبارەت بەو هەڕەشانەی ترەمپ لە دژی من کردوویەتی، ئەگەر قسەکانی سەرۆکی پێشووی ڕووسیا سەرۆکە بەهێزەکەی ئەمەریکا بورووژێنێت، ئەوا دیارا ڕووسیا ڕاست دەکات و لەسەر ئەو ڕێگایە ڕاستەیە کە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە.