مەزڵووم عەبدی: هەسەدە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا هەڕەشە نییە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیندیان ئێکسپرێس باسی دۆخی سووریا، چەکدانانی پەکەکە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەکات و ئاماژەی داوە، ئێستا دەبێت کار لەسەر پاراستنی سەقامگیری نیشتمان و ڕێگریکردن لە قۆستنەوە بۆشایی ئەمنیی لە ناوچەکە بکەین، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دروست بووە و مەترسی لە ناوچەکە هێشتا هەر بوونی هەیە، هاوکات گوتیشی: پێم وایە هەسەدە هیچ کات بۆ سەر ئەمنییەتی تورکیا هەڕەشە نەبووە، بەڵکوو لە پاراستنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە هاوکار بووە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیندیان ئێکسپرێس لە بارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا گوتی: ئێمە زۆر بە گرنگەوە دەڕوانینە ئەو یاداشتنامەی 10ی ئادار، کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق هەمانە، هاوکات پابەندین بە جێبەجێ کردنی و فراوانکردنی; ئاماژەشی داوە، لەو یاداشتنامەیەشدا یەکگرتنەوە هێزەکانی هەسەدە و سووریامان قبووڵ کرد، بۆیە ئێستا دەبێت کار لەسەر وردەکارییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری نیشتمان و ڕێگریکردن لە قۆستنەوە بۆشایی ئەمنیی بکەین. جەختیشی کردووەتەوە زۆر گرنگە کە ئەم یەکگرتنە هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکەش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی سوپا سووریا ناسنامەیەکی نیشتمانی هەبێت.
"هەسەدە هەرگیز لەسەر ئەمنییەتی تورکیا هەڕەشە نەبووە"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە بارەی چەکدانانی پەکەکە ئەوەی خستە ڕوو، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ چەکدانان بڕیارێکی مێژوویی بوو و پشتیوانییەکی بەرفراوانیشی لێکرا. هاوکات کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دژ بە گەلی کورد لە تورکیا، دەرفەتی نوێ بۆ کورد بە گشتی لە تورکیا دەڕەخسێنێت، دوای ئەو بانگەوازە ئاگربەست لە ڕۆژئاوای سووریا ڕاگەیەندرا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئێمە وەستان و گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ کورد دەڕەخسێنێت کە بەشداری لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراسیدا بکات.
هەروەها لە بارەی ئەو لێدوانانەی کە هەسەدە بە بەشێک لە پەکەکە دەبینرێت گوتی: بە تێڕوانینی من هەسەدە هەرگیز لەسەر ئاسایشی تورکیا هەڕەشە نەبووە، بە پێچەوانەوە ئێمە سنووری تورکیامان لە هەڕەشەی داعش پاراست و سەقامگیریمان لەسەر سنوورەکە فراوانتر کرد، هاوکات ئەگەر تورکیا دان بە مافی کوردەکان بنێت، ئەوا دەبێت حکوومەتی سووریاش هەمان کار بکات.
"دیموکراسی ڕاستەقینە لە وڵاتێکی هەمەچەشنی وەک سووریا، تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە بەدەست دێت"
مەزڵووم عەبدی لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا ئاماژە دا، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئێستا دەرفەتێکی زۆر باش بۆ سووریا هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی لەڕێگەی سیستەمێکی لامەرکەزییەوە. چونکە دیموکراسی ڕاستەقینە لە وڵاتێکی هەمەچەشنی وەک سووریا، تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە بەدەست دێت. هاوکات گەیشتن بە سەقامگیرییەکی بەردەوام، پێویستی بە دامەزراوەی دیموکراتیک هەیە کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو گەلەکەی بێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەش کردووە، ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا دوای 13ساڵ، پێشهاتێک بوو کە هەموو سوورییەکان پێی دڵخۆش بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆشایییەکی گەورەی ئەمنی و ئیداری دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەش پێداویستییە سەرەتاییەکان، وەک ئاو و کارەبا، بەدەستگەشتنیان قورسە. گوتیشی: خاڵە ئەرێنییەکە ئەوەیە کە ئێستا بەشێک لە سزا ئابوورییەکان لەسەر سووریا هەڵگیراون، بەمەش ئومێدێک هەیە کە ئەو وڵاتە ئاوەدان بکرێتەوە.
عەبدی ئاماژەشی دا، هێشتا لە ڕووی ئەمنییەوە ئاستەنگ و مەترسی زۆر هەیە. هەرچەندە حکوومەتی سووریا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵییان بکات، بەڵام پێشێلکاری و توندوتیژی لە ناوچەکە زیادی کردووە، هاوکات هەڕەشە و جموجۆڵەکانی داعشیش زیادی کردووە.
عەبدی دەشڵێت: ناکۆکییە ناوخۆییە بەردەوامەکانی سووریا، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتەیە کە حکوومەتی دیمەشق ئێستا پەیڕەوی دەکات. سووریا وڵاتێکی هەمەچەشنە بۆ پاراستنی سەقامگیری، پێویستی بە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و گرووپە ئایینییەکان و بەشداریکردنیان لە حکوومەتدا هەیە. هاوکات یەکێک لە چارەسەرەکان بریتییە لە دامەزراندنی هەرێمێکی خۆسەر لە هەر ناوچەیەک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، بە شێوەیەک کە هەر هەرێمێک کاروباری ناوخۆیی خۆی بەڕێوە ببات. دووپاتیشی کردووەتەوە لە هەمووی گرنگتر، نابێت هێزە ئەمنییەکان و سوپا ببنە بەشێک لەو ناکۆکییانە.