پسپۆڕانی ئابووریی ئێران لە لابردنی چوار سفری دراوی وڵاتەکەیان گەشبین نین

لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتمانی، یەکەی نوێی دراوی ئێرانی بەرانبەر بە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا دیاری کرد. بەڵام پسپۆڕانی بواری ئابووریی وڵاتەکە بەم گۆڕانکارییە گەشبین نین و بڕوایان وایە بەبێ چاکسازیی ڕیشەیی لە کەرتی ئابووری، تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەی یاساییە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئابووریی تاک نابێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە کاتێکدا کە باسی لابردنی سفر لە دراوی نیشتمانی، ساڵانێکە وەک سیاسەتێک، پێشنیاز کراوە، بەڵام بە نیوەچڵی ماوەتەوە. لیژنەی ئابووریی پەرلەمان ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا، جارێکی دیکە ئەم سیاسەتەی خستە سەر ڕێڕەوی یاسایی.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، یەکەی دراوی نیشتمانیی ئێران بە پاراستنی ناوی "ڕیاڵ" و بە لابردنی 4 سفر، سەرلەنوێ پێناسە دەکرێتەوە. هەر ڕیاڵێکی نوێ بەرانبەر بە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا دەبێت.
لەکاتێکدا لایەنگرانی ئەم بڕیارە، وەک هەنگاوێک لە پێناو چاکسازی لە پێکهاتەی دراو و ئاسانکاریی مامەڵەکاندا دەیبینن، ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن لەوەی بەبێ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و چاکسازیی ڕیشەیی، ئەم بڕیارە، تەنیا وەک ئازارشکێنێکی کاتی بۆ کێشە ئابوورییەکانی وڵات، دەبێت.
پێشینەی بابەتەکە؛ چیرۆکێکی کۆن بە بەرگێکی نوێوە
بابەتی لابردنی سفرەکان لە سەرەتای ساڵانی 1990 وە هاتە ناو ئەدەبیاتی ئابووریی وڵاتەوە. یەکەم جار لەکابینەی چاکسازی و پاشان لە کابینەکانی نۆیەم و دەیەمدا چەند پرۆژەیەک لەم بوارەدا پێشکەش کران کە هیچ کامیان بڕیاریان لەسەر نەدرا؛ بەڵام کابینەی دوازدەیەم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەکدا، ساڵی 2019 بە فەرمی پێشکەشی پەرلەمانی کرد. دوای وەستانێکی درێژ و پەسەندکردنی یاسای نوێی بانکی ناوەندی لە ساڵی2023، لە کۆتاییدا لیژنەی ئابووریی پەرلەمان لە 3ی ئابی 2025دا لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی تەواوی پڕۆژەیاسای حکوومەت، وەشانی کۆتایی چاکسازیکراوی بە لەبەرچاوگرتنی ڕەخنەکانی ئەنجوومەنی چاودێران (شورای نگهبان) پەسەند کرد.
کۆتایی سەردەمی تومەن
بە پێچەوانەی پێشنیازی حکوومەت بۆ گۆڕینی ناوی "ڕیاڵ" بە "تومەن" و پێناسەکردنی "قران" وەک یەکەی وردە، لیژنەی ئابووریی پەرلەمان دەنگی بە مانەوەی ناوی "ڕیاڵ" دا. بەپێی بەندی (ئەلف)ی ماددەی 58ی یاسای نوێی بانکی ناوەندی، هێشتا "ڕیاڵ" یەکەی فەرمیی دراوی وڵات دەمێنێتەوە و "قران" وەک بەشە بچووکەکەی یەکسان دەبێت بە یەک لەسەد ی ڕیاڵی نوێی بە فەرمی ناسێنراو. لە ڕاستیدا هەر ڕیاڵێکی نوێ واتە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا، بەرانبەر بە 100 قران دەبێت.
یەکێک لەو تێبینیانەی لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێرانەوە خرابووە ڕوو، بابەتی پابەندبوونەکانی ئێران بوو بەرانبەر بە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو؛ بە گوتەی شەمسەدین حوسێنی، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، ئەم نیگەرانییە بەو بەڵگەیە چارە کراوە کە بنەما یەکسانییەکانی دراو و پابەندبوونە ئاڵوگۆڕییەکانی ئێران هەر لەسەر بنەمای یاساکانی ئەندامێتی لە سندووقی نێودەوڵەتی دراو دەبێت و گۆڕینی یەکەی دراوی ناوخۆیی کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی ئەو پابەندبوونانە نابێت.
کاریگەرییە ئابوورییەکانی لابردنی سفر؛ شارەزایان چی دەڵێن؟
لابردنی سفرەکان هیچ گۆڕانێک لە هێزی کڕینی خەڵکدا دروست ناکات، بەڵام لە ڕووی دەروونی، ژمێریاری و سیستەمی پارەدانەوە دەکرێت چەندین سوودی هەبێت:
• ئاسانکاری لە ژمێریاری داراییدا: کەمکردنەوەی ژمارەکان لە مامەڵە و ڕاپۆرتە داراییەکاندا.
• کەمکردنەوەی خەرجییەکانی چاپ و پاراستنی دراوی کاغەز و سکە.
• زیادبوونی متمانەی گشتی بە دراوی نیشتمانی لە ئەگەری هاوتەریبی لەگەڵ چاکسازی پێکهاتەییدا.
بەڵام لە بەرانبەردا، هەندێک لە ئابووریناسان هۆشداری دەدەن لەوەی کە:
• ئەگەر ئەم هەنگاوە بەبێ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی حکوومەتدا بکرێت، کاریگەرییەکانی تەنیا ڕواڵەتی و بێسوود دەبن.
• ڕەنگە لە ئەگەری جێبەجێکردنی نادروستدا، ببێتە هۆی سەرلێشێواوی گشتی و خەرجییەکی زۆری جێبەجێکردن بەسەر وڵاتدا بسەپێنێت.
کاریگەرییە ئابوورییەکانی لابردنی سفر؛ ئەزموونی ئەوانی تر، وانەیەک بۆ ئەمڕۆی ئێمە
سیاسەتی لابردنی سفر لە دراوی نیشتمانی، تەنها گۆڕانی ناو، یان ژمارەیی نییە؛ بەڵکو کردارێکە کە بەپێی شێوازی جێبەجێکردنی، دەتوانێت ببێتە هێمایەکی چاکسازیی ڕاستەقینە یان نموونەی شکستێکی کارگێڕی. لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی وڵاتانی تر لەم بوارەدا، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە ڕوونتر دەکاتەوە:
• تورکیا (2005): سەرکەوتن لە سێبەری چاکسازیی هاوکاتدا
تورکیا لە ساڵی 2005 بە لابردنی 6 سفر لە لیرە، یەکەیەکی نوێی دراوی بە ناوی "لیرەی نوێ" ناساند؛ بەڵام ئەم هەنگاوە تەنها دوای جێبەجێکردنی هاوکاتی سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، دیسیپلینی دارایی و چاکسازی دامەزراوەیی سەرکەوتوو بوو.
ئەنجام: سەقامگیربوونی دراوی نیشتمانی، کەمبوونەوەی هەڵاوسان و گەڕانەوەی متمانەی گشتی.
• زیمبابۆی (2006–2009): لابردنی سفر لە نەبوونی سەقامگیریی ئابووریدا
زیمبابۆی لە ماوەیەکی کورتدا چوار جار سفری لابرد و بە گشتی 25 سفری وەلا نا، بەڵام بەبێ چاکسازیی ئابووری، هەڵاوسانی توند بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا وڵات پەنای بۆ بەکارهێنانی دراوە بیانییەکان برد.
ئەنجام: شکستی تەواوی سیاسەتی دراو و بێبایەخبوونی دراوی نیشتمانی.
• ئەرجەنتین (دەیەی 80): چاکسازی ناتەواو، هەڵاوسانی گەڕاوە
ئەرجەنتین بە دوو قۆناغی لابردنی سفر، سەرەتا "پێسۆی ئەرجەنتینی" و پاشان "ئاوستراڵ"ی کردە جێگرەوە. بەڵام بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی کورتهێنانی بودجە و بەردەوامیی سیاسەتە هەڵاوسانییەکان، ئەم هەنگاوانە تەنها کاریگەرییەکی کاتییان هەبوو.
ئەنجام: دامرکانەوەی کاتیی هەڵاوسان و گەڕانەوەی قەیران بە شێوەیەکی بەهێزتر.
لە لابردنی سفرەوە تا گێڕانەوەی متمانە
ئەزموونە جیهانییەکان دەری دەخەن کە لابردنی سفر لە دراوی نیشتمانی، مەرجێکی پێویستە، بەڵام هەرگیز تاکە مەرجێک نییە بۆ باشترکردنی ئابووری. ئێرانیش تەنها کاتێک دەتوانێت لەم سیاسەتە سوودێکی ئەرێنی وەربگرێت کە هاوکات هەنگاوی پتەو و یەکگرتوو لە بواری کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، دیسیپلینی دارایی، شەفافیەتی بانکی و سەربەخۆیی دامەزراوەیی بانکی ناوەندیدا بنێت. ئەگەرنا، مەترسی ئەوە هەیە کە لابردنی سفر تەنها ببێتە پۆشاکێک بۆ قووڵتربوونەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکانی ئابووری وڵات.
شارەزایانی ئابووری بە دروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم سیاسەتە تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هاوکات، چاکسازی لە پێکهاتەی بودجە، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی هاوکات و بەردەوام پەیڕەو بکرێت.
ناوەندی ئاماری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەممووز، لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند "ئاستی هەڵاوسان گەیشتووەتە %48 ئەمە سەرباری گرانبوونی ماددە سەرەکیی و خۆراکییەکان."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و گرانیی و داڕمانی نرخی دراوی ئێران، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوەیە.
ناوەندی ئاماری ئێران، ڕوونی کردووەتەوە کە نرخی ماددە و خزمەتگوزارییەکان بەرزن، بەڵام نەگۆڕن. سەرباری ئەوە پسپۆڕانی ئابووریی ئێران دەڵێن "ناکرێت متمانە بە ئامار و ژمارە حکوومەتییەکان بکرێت، چونکە لە ڕاستیدا باری ئابووریی و گوزەرانی خەڵک پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدەن و ئاستی هەڵاوسان نزیکە لە %75."
ئەمڕۆ، 4ـی ئاب، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەرە بە 92 هەزار و 450 تومەن، لە کاتێکدا سەرەتای ساڵی 1979، یەک دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر بە 7 تومەن بوو. ئەمەش نیشانەی ئەو داڕمانە گەورەیەیە کە دراوی ئێرانی گیرۆدەی بووە.
لابردنی سفرەکان دەتوانێت زمانی ئابووری سادەتر بکاتەوە، بەڵام بەبێ سەقامگیریی ئابووری، هیچ گۆڕانێک لە ڕاستییەکاندا دروست ناکات.
پێشنیاز دەکرێت، هاوکات لەگەڵ خێراکردن لە داڕشتنی ڕێنماییە جێبەجێکارەکاندا، پێویستە ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیەکی بەرفراوان بە خەڵک، بانکەکان و کەرتی تایبەت بدرێت تا پرۆسەی گواستنەوە لە ڕیاڵی کۆنەوە بۆ ڕیاڵی نوێ، بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت.