ترەمپ: بەهۆی کڕینی نەوت لە ڕووسیا، باجی گومرگی بەسەر هیندستان زیاد دەکەم
سەرۆکی ئەمەریکا لەبەرانبەر کڕینی نەوتی ڕووسیا، باجی گومرگی بەسەر هیندستان زیاد کرد، لە وەڵامدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی دا، واشنتن هانی نیو دەلهی داوە، نەوتی ڕووسیا بکرێت.
دووشەممە 4ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: هیندستان تاکە وڵاتە کە نەوتێکی زۆر لە ڕووسیا دەکڕێت، لە بازاڕێکی کراوە بە قازانجێکی زۆر دەفرۆشێتەوە. ئاماژەشی داوە، ئەو وڵاتە بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆ دەکات بێگوێدانە ئەوەی لە جەنگدا چەندین ئۆکرانی کوژراون.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، بەهۆی ئەو بازرگانییەوە، باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی هیندستان زیاد دەکات.
لای خۆشییەوە، ڕاندیر جایسڤاڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە وەڵامدا ڕایەگەیاندووە، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان بێ پاساوە و پێشتر واشنتن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزەی جیهان هانی نیو دەلهی داوە، نەوتی ڕووسیا بکڕێت.
گوتیشی: بۆ پاراستنی ئابووری، سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی هەموو کارێک دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان باسی لەوەش کرد، تەنانەت ئەورووپاش مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا دەکات، هەر تەنیا بازرگانی نەوت نییە، بەڵکوو، ماددە کیمیاییەکان، ئاسن و پۆڵا و مەکینە و کەرەستەی دیکەش لە نێوان ئەو دوو لایەنە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئەمەریکا گەورەترین هاوبەشی بازرگانی هیندستانە، کە قەبارەی بازرگانی نێوانیان لە ساڵی 2024دا بە بەهای 87 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئاماژەشیان داوە، پێشبینی دەکرێت دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هیندستان بۆ 10% بۆ 25% بەرز بێتەوە .