ڕۆیتەرز: ڕەنگە پوتن پابەندی ئەو وادەیە نەبێت کە ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاری کردبوو
چەند سەرچاوەیەکی کرێملن بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا بەو وادەیەی کە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دیاریی کردبوو پابەند نەبێت، کە هەینی داهاتوو مۆڵەتەکە تەواو دەبێت، ئاماژەشییان داوە، سەرۆکی ڕووسیا لە سەر کۆنترۆڵکردنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا ڕژدە.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کرێملن بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕژدە لەسەر بەردەوامی دان بە جەنگی ئۆکرانیا تاوەکوو ئامانجەکانی بەدەست نەهێنێت کۆتایی بە جەنگ ناهێنێت، هاوکات پێی وایە ڕووسیا لەو جەنگە براوە دەبێت.
لەبارەی هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بە ڕێژەی 100% بەسەر مۆسکۆ، ئاماژەیان داوە، سەرۆکی ڕووسیا لەو باوەڕەیە، سەپاندنی ئەو سزایانە هیچ جیاوازییەک دروست ناکات لەگەڵ ئەو سزایانەی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەسەر وڵاتەکەی سەپاوەن.
هەروەها بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، پوتن نایەوێت دۆناڵد ترەمپ دڵتەنگ بکات، ئەوەش دەزانێت کە ڕەنگە دەرفەتی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و مۆسکۆ لەدەست بدات، ئەوەشتان خستووەتە ڕوو، بەڕێوەچوونی سێ گەڕی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ڕازیکردنی ترەمپ بووە، بۆ ئەوەی پەیامێک بگەیەنن کە پوتن ئاشتی ڕەت ناکاتەوە.
باسیشییان لەوە کردووە، ئامانجی سەرەکی سەرۆکی ڕووسیا، بەر لە دەستپێکردنی هەر دانوستانێک، کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژژیا و خێرسۆنە، کە پێشتر بەرپرسانی ڕووسیا ئەو ناوچانەیان بە بەشێک لە وڵاتەکەی زانیوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە ئاژانسی تاسی ڕووسی بڵاوی کردبووە، بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی هەینی داهاتوو بچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ پوتن کۆببێتەوە.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا تەنیا 10 ڕۆژی لە بەر دەست ماوە تاوەکوو لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێککەوبکەوێت، ئەگەر نە سزای 100% لەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنێت.
هەر لە هەمان ڕۆژ، گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبول کۆتایی هات و ئەو دوو وڵاتە، لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی هەزار و 200 دیل ڕێککەوتوون، هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی کۆبوونەوەکە گوتی: بە دانوستانەکان گەشبینم
پێشتر بەرپرسانی مۆسکۆ ڕایانگەیاندبوو، نەبێت بە هیچ شێوەیەک ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، هاوکات جێگری کردنی هێزی ئاشتی پارێز لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیا ڕەت کردووەتەوە، هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاماژەیان دابوو هێزەکانیان لە چەند هەرێمێک لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ناکشێننەوە.