زێلێنسکی و ترەمپ هەماهەنگی بەرگریی نێوانیان و سزاکانی سەر مۆسکۆیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی داوە، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی هەماهەنگی بەرگریی و سەپاندنی سزاکان سەر مۆسکۆ کردووە، ڕاشیگەیاند، چوار وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا چەک لە ئەمەریکا دەکڕن.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی ئابی 2025، پەیوەندییەکی بەرهەمدارم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد، کە سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بوو، هاوکات هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەرز دەنرخێنین و پشتگیری هەوڵەکانی دەکەین.

ئاماژەشی داوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا هەماهەنگییان لەگەڵ واشنتن دووپات کردووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخەکە کردووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بە تەواوی ئاگاداری هێرشەکانی ئەم دوایەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیایە.

سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەوە سزا ئابوورییەکانی سەر مۆسکۆ کرد، بەتایبەت کە داڕمانی ئابووریی ڕووسیا یەکێکە لە فشارەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە کە کۆتایی بە جەنگ بهێنن.

لەبارەی هەماهەنگی بەرگریی لەگەڵ ئەمەریکا نووسیویەتی: وڵاتەکەی ڕەشنووسێکیان لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ئامادە کردووە، ئامادەشن لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ لە سەر وردەکارییەکان بکەن، کە یەکێک دەبێت لە بەهێزترین ڕێککەوتنەکان.

زێلێنسکی ئەوەشی خستە ڕوو، هەر یەکە لە دانیمارک، هۆڵەندا، سوید و نەرویج بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا چەک لە ئەمەریکا دەکڕن، دووپاتیشی کردووەتەوە، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت.