ترەمپ: 24 کاتژمێری داهاتوو ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر هیندستان زیاد دەکەم

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیندستان هاوبەشێکی گەورەی بازرگانی ئەوان نییە، چونکە نەوت لە ڕووسیا دەکڕن، بۆیە لە 24 کاتژمێری داهاتوو باجی گومرگی لەسەر ئەو وڵاتە زیاد دەکات، لای خۆشییەوە، ڕووسیا ئاماژەی دا، هەڕەشەکردن لەو وڵاتانەی کە بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن نایاساییە و نابێت دەستتێوەردان لە بازرگانی وڵاتانی دیکە بکرێت.

سێشەممە 5ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریکی ڕایگەیاند، ڕاستە هیندستان بازرگانییەکی زۆر لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، بەڵام واشنتن کاڵای کەمتری هیندی هاوردە دەکات، هاوکات بەهۆی ئەوەی نەوت لە ڕووسیا دەکڕێت، ئەو وڵاتە هاوبەشێکی باشی بازرگانی ئەمەریکا نییە.

گوتیشی: لە 24 کاتژمێری داهاتوو ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر هیندستان لە 25%ـەوە زیاتر دەکەم.

لای خۆشییەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) لەو بارەوە گوتی: زۆر لێدوانمان گوێ لێدەبێت، کە لە ڕاستیدا لە هەڕەشە دەچن و هەوڵ دەدەن بە هێز بازرگانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ مۆسکۆ ڕابگرن. ئەمەش بە تەواوی نایاساییە.

باسی لەوەش کردووە، پێیان وایە وڵاتانی خاوەن سەروەر دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت هاوبەشی بازرگان و ئابووری خۆیان هەڵبژێرن و خۆیان ئەو شێوازی هەماهەنگی بازرگانی و ئابووری هەڵبژێرن کە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیان دابێت.

دوێنێ دووشەممە 4ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: هیندستان تاکە وڵاتە کە نەوتێکی زۆر لە ڕووسیا دەکڕێت، لە بازاڕێکی کراوە بە قازانجێکی زۆر دەفرۆشێتەوە. بۆیە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.

لای خۆشییەوە، ڕاندیر جایسڤاڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە وەڵامدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان بێ پاساوە و پێشتر واشنتن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزەی جیهان هانی نیو دەلهی داوە، نەوتی ڕووسیا بکڕێت.