نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت دەزگای خێرخوازیی غەززە هەڵبوەشێتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوێکی توندی لەسەر دەزگای خێرخوازیی غەززە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئەو دەزگایەی بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە کوشتنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، دەبێت دەزگای خێرخوازیی غەززە کە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلە و پشتگیری دەکرێت دەبێت هەڵبوەشێتەوە، چونکە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەو کەرتە بۆ مەبەستی خزمەتکردنی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی بەکار دەهێنێت، کە ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
باسییان لەوەش کردووە، بەشداریکردنی هەواڵگری ئیسرائیل، بەڵێندەرانی ئەمەریکی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە سەر بە لایەنێکن، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەبێت بەپەلە لە ژێر دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری دۆخی غەززە بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئیسرائیل بە ناوی یارمەتی مرۆیی، چالاکی سەربازی دەکات، ئەمەش وێنەیەکی خراپ و بێڕێزییەکی زۆر بە بەهای کاری مرۆیی دەگەیەنێت. ئاماژەشیان داوە، بەبێ لێپرسینەوەیە، کاری یارمەتی مرۆیی دەبێتە قوربانی.
ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، بۆ ئەوەی متمانە و کاریگەری کاری هاوکاریی مرۆیی بگەڕێتەوە، دەبێت دەزگای خێرخوازیی غەززە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەرپرسانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێگە بە ڕێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کاری مرۆیی لە کەرتی غەززە بەڕێوە ببەن.
لە 22ی تەممووزی 2025، نووسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 1000 فەلەستینییان لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک کوشتووە، هاوکات نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەو کەسانەی کە کوژراون لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی دەزگای خێرخوازیی غەززە بوونە.