ترەمپ بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان واژۆ کرد

سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی هۆشداری دا کە باجی گومرگی لەسەر هیندستان زیاد دەکەن، ئەمڕۆ فەرمانەکەی واژۆ کرد و لە سێ هەفتەی داهاتوو بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت. لای خۆشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، ئەو جۆرە بڕیارانە تەواو نادادپەروەری و بێ پاساون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025، بەهۆی کڕینی نەوت لە ڕووسیا، بڕیاری زیاد کردنی باجی گومرگی بە ڕێژەی %25 لەسەر هیندستان واژۆ کرد، بەم شێوەیەش ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتە دەبێتە %50.

لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا هاتووە، ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی نەوت لەگەڵ ڕووسیا دەکەن، سزایان بەسەر دەسەپێنین، هاوکات بڕیارەکە لە 21 ڕۆژی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت، بەمەش هەر یەکە لە ڕووسیا و هیندستان دەرفەتەییان دەبێت لە بارەی بڕیارەکە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.

دوای بڕیارەکەی ترەمپ، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیارەکەی ترەمپ سەرکۆنە دەکات و ئاماژەی داوە، ئەو جۆرە بڕیارانە تەواو نادادپەروەری و بێ پاساون، هاوکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان هەر کارێک پێوسیت بیت دەیکەین.

باسیشیان لەوە کردووە، پێشتر هەڵوێستی خۆمان لەو بارەوە ئاشکرا کردبوو، کە لەسەر بنەمای دڵنیابوون لە ئاسایشی وزە لە وڵاتەکەیان کە ملیارێک و 400 ملیۆن دانیشتووی هەیە، ئەو مامەڵە بازرگانییەی کردووە.

سێشەممە 5ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، ڕاستە هیندستان بازرگانییەکی زۆر لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، بەڵام واشنتن کاڵای کەمتری هیندی هاوردە دەکات، هاوکات بەهۆی ئەوەی نەوت لە ڕووسیا دەکڕێت، ئەو وڵاتە هاوبەشێکی باشی بازرگانی ئەمەریکا نییە.گوتیشی: لە 24 کاتژمێری داهاتوو ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر هیندستان لە 25%ەوە زیاتر دەکەم.

لای خۆشییەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) لەو بارەوە گوتی: زۆر لێدوانمان گوێ لێدەبێت، کە لە ڕاستیدا لە هەڕەشە دەچن و هەوڵ دەدەن بە هێز بازرگانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ مۆسکۆ ڕابگرن. ئەمەش بە تەواوی نایاساییە.

باسی لەوەش کردبووە، پێیان وایە وڵاتانی خاوەن سەروەر دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت هاوبەشی بازرگان و ئابووری خۆیان هەڵبژێرن و خۆیان ئەو شێوازی هەماهەنگی بازرگانی و ئابووری هەڵبژێرن کە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیان دابێت.