سووریا 12 گرێبەستی وەبەرهێنان بە بەهایی 14 ملیار دۆلار واژۆ کرد

شاری دیمەشق
شاری دیمەشق

حکوومەتی سووریا لە ڕێوڕەسمێکدا ژمارەیەک گرێبەستی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدان کردنەوەی دیمەشق بە بەهای 14 ملیار ڕاگەیاند.

چوارشەممە 6ی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی سووریا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەو وڵاتە، 12 گرێبەستی وەبەرهێنان لە سووریا بە بەهایی 14 ملیار دۆلار لەگەڵ ژمارەیەک وڵات واژۆ کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕوونکردنەوەی زیاتر لە بارەی ئەو گرێبەستانە درا، بە شێوەیەک کۆمپانیایەکی قەتەری بە بەهای چوار ملیار دۆلار فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە دیمەشق دروست دەکات، هاوکات کۆمپانیای نیشتمانی وەبەرهێنانی ئیمارات بە بەهای 2 ملیار دۆلار سیستەمی میترۆ لە پایتەختی سووریا دادەمەزرێنێت. ئاماژەش بەوە کرا، کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بە بەهای 2 ملیار دۆلاری دیکە کار لەسەر پرۆژەی تاوەرەکانی دیمەشق دەکات.

تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەو بارەوە نووسیویەتی: داهاتوو و خۆشگوزەرانی سووریا لە دەستی سووریاییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دایە، کە کار لەسەر دروستکردنی سیستەمی گواستنەوە و فڕۆکەخانەی نوێی دیمەشق بکەن.

ئاماژەشی داوە، ڕێگای بنیاتنانەوە دەبێت لە دانانی بناغە بۆ ئاسایش و سەقامگیری دەست پێ بکات، دواتر پەرەپێدانی دامەزراوەکانی حکوومەت و گەشەکردنی بازرگانی سێکتەرەکانی دیکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە سووریا، حکوومەتی ئەو وڵاتە بە بەهای شەش ملیار و 400 ملیۆن دۆلار گرێبەستی وەبەرهێنانی لەگەڵ سعوودییە واژۆ کرد.