ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی ویتکۆف و پوتن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا کرد
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ڕووسیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپا کرد.
چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دوای کۆبوونەوەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، سەرکردەکانی ئەورووپاش لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکە بەشدار بوون، هەروەها نووسیویەتی: هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان ئاشکرایە کە دەبێت ئەو جەنگە کۆتاییبهێت و ئەوانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە دووپات کردەوە، هاوکات بەیەکەوە پەیامەکەی ڕووسیامان تاوتوێ کرد.
زێلێنسکی، جەختیشی کردووەتەوە ئۆکرانیا بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێت و هەموومان پێویستمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و ڕووسیاش دەبێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە دەستی پێکردووە.
چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە و دەربارەی پرسی ئۆکرانیا گفتوگۆیان کرد، هاوکات کۆبوونەوەکەی نێوانیان نزیکەی سێ کاتژمێری خەیاندووە و باسیان لە ئەگەری پەرەپێدانی هاریکاری ستراتیجیی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردووە. دوای کۆبوونەوەکە یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاند: ویتکۆف و پوتن دیدارێکی بەرهەمدارییان هەبوو.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیوویەتی: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، دیدارێکی زۆر بەرهەمدار و ئەرێنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ویتکۆف و پوتن گفتوگۆیان لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا کردووە. دەشڵێت: هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیشمان لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاگادار کردووەتەوە.