شی جین پینگ پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەکات
دوای ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا ئاشکرایان کرد کە بەم نزیکانە سەرۆکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کۆدەبنەوە، سەرۆکی چین پێشوازی لەو هەوڵانە دەکات، جەختیشی کردووەتەوە، تاکە ڕێگا بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕێگە چارەی دیپلۆماتییە.
هەینی 8ـی ئابی 2025، تەلەڤزیۆنی فەرمی حکوومەتی چین لە زاری شی جین پینگ سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک کۆماری چین و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پەیوەندییە تەلەفۆنەکەش لەسەر ویستی سەرۆکی ڕووسیا بووە.
ئاماژەشی داوە، شی جین پینگ پێشوازی هەوڵەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکات. جەختیشی کردووەتەوە، چین پشتگیری چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماتی و سیاسی دەکات.
لای خۆشییەوە، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاندووە، پوتن، شینی لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەگادارکردووەتەوە.
هەر لە باری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و چین، وا چاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ زیادکردنی ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر ئەو وڵاتەی مامەڵە لەگەڵ مۆسکۆ دەکات گوتی: مامەڵەی بازرگانی و هەماهەنگییەکان لە سێکتەری وزە لە نێوان چین و ڕووسیا ڕەوا و دادپەروەرانەیە. ئاماژەشی دا، لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەردەوام دەبن.
دوێنێ پێنجشەممە، ڤلادیمێر پوتن، لە میانی پێشوازیی لە محەممەد بن زاید ئال نهەیان، سەرۆکی ئیمارات لە مۆسکۆ، ڕایگەیاندبوو: ئیمارات ئەو وڵاتە گونجاوەیە کە دەکرێت تێیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
هەروەها یۆری ئۆشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا گوتوویەتی، لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان بۆ بەڕێوەچوونی دیدار و کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ترەمپ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئابی 2025، بەهۆی کڕینی نەوت لە ڕووسیا، بڕیاری زیاد کردنی باجی گومرگی بە ڕێژەی %25 لەسەر هیندستان واژۆ کرد، بەم شێوەیەش ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتە بووە %50.هاوکات لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا هاتووە، ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مامەڵەی بازرگانی نەوت لەگەڵ ڕووسیا دەکەن، سزایان بەسەر دەسەپێنین.