جەی دی ڤانس: ئەمەریکا و بەریتانیا لەسەر پرسی فەڵەستین سیاسەتێکی جیاوازیان هەیە
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا، هەرچەندە لەندەن و واشنتن لەسەر پرسی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین هاوڕا نین و سیاسەتی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە ناوچەکەدا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا نانێن.
هەینی 8ـی ئابی 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە لەندەن و لەگەڵ دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبوونەوە و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەمەریکا و بەریتانیا ئامانجی هاوبەشیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە سیاسەتی جیاوازمان هەیە.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا نانێت. ئاماژەشی دا، داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، لە کاتێکدا کە حکوومەتێکی کارایان نییە، 'بێمانایە'.
هاوکات لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە، ڤانس باسی لەوە کرد، بەم نزیکانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ئەو پلانەی حکوومەتی ئیسرائیل، لێدوانی دەبێت و هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات، گوتیشی: ئامانجی ئێمە لە غەززە ئاشکرایە کە نامانەوێت حەماس هێرش بکاتە سەر هاووڵاتییانی بێ تەواون و پرسی قەیرانی مرۆییش لە کەرتەکە چارە بکرێت.
کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: بڕیاری ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە، هەڵەیە، داواشی لە ئیسرائیل کرد، چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە. هەروەها پێشتر ستارمەر ئاماژەی دابوو، کە وڵاتەکەی نیازی وایە دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا بنێت.