فەرەنسا: بڕیاری داگیرکردنی غەززە ڕەشەکوژی دانیشتووانی کەرتەکەیە

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بارەی پلانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەو کەرتە لەنێودەبات و مەترسیەکی جددی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات.

هەینی 8ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوی غەززە توندوتیژی و پێشێلکارییە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و خەڵکی ناوچەکە بە تەواوی لەنێودەچن.

باسی لەوەش کردووە، ئەم پلانەی ئیسرائیل، خواستە ڕەواکانی فەڵەستین بۆ بوون بە خاوەن دەوڵەت و ژیانێکی ئاشتییانە لە نێو دەبات و مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات.

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی ڕاگرتنی بڕیاری ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕەخنە لەو وڵاتە دەگرێت ڕایگەیاندووە، لەبری ئەوەی ئەو وڵاتە پشتگیری لە جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس بکات، بەو بڕیارەی پاداشتی ئەو گرووپە دەکات، کە بەرپرسیارە لە هێرشکردنە سەر جووەکان. ئاماژەشی داوە، ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، نائومێد بووە.

فرێدریک مێرز، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئەڵمانیا ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت، بەهۆی ئەوەی کە لە شەڕی غەززەدا بەکاری دەهێنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر پلانی وڵاتەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.

پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز)ی ئەمەریکی پێداگری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە دووپات کردبووە، گوتی، دوای دەستبەسەرداگرتنی، بەڕێوەبردنی کەرتەکە بە هێزە عەرەبییەکان دەسپێرن.

بنیامین ناتانیاهۆ جەختیشی کردبووە، نیازیان وایە کۆنترۆڵی زنجیرەی بیابانی بکەن کە درێژییەکەی 42 کیلۆمەتر دەبێت، گوتیشی، مەبەستیانە پشتێنەیەکی ئەمنی بە درێژایی ئەو 42 کیلۆمەترە دروست بکەن، بەڵام نایانەوێت بەڕێوەی ببەن.