ڕووسیا: ئەورووپا هەوڵدەدات دانوستانەکان لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا تێکبدات

سەرکردەکانی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای بەشداریکردنی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا و دڵنیای لە پاراستنی خاکی ئەو وڵاتەدەکەن، لای خۆشییەوە ئەمەریکا ئەمەی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام ڕووسیا ئەو ڕاگەیەندراوە بە هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا دەدەن.

یەکشەممە 10ی ئابی 2025، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تێلێگرام) نووسیویەتی: هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی لە دژی هەوڵەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، هاوکات مێدڤێدێڤ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەوە نەداوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد، حکوومەتی ئۆکرانیا خەڵکی کۆڵۆمبیا و مەکسیکی بە کرێ گرتوون و چەکداری کردوون و لە بەرەکانی جەنگ لە دژی هێزەکانی ڕووسیا شەڕیان پێ دەکات. دەشڵێت، ئەو کەسانەی بە کرێ گیراون بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەر ناسراوەن.

هاوکات کایالا کالاس، بەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی کۆبوونەوەکەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن دەتوانێت فشار لە مۆسکۆ بکات بەجددی دانوستان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بکات.

ئاماژەشی داوە، هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بکرێت، دەبێت بە ئامادەبوونی ئۆکرانیا و ئەورووپا بێت، چونکە ئەمە پەیوەستە بە ئاسایشی هەر دوو لایەن.

هەروەها کۆشکی سپی لەبارەی بەشداریکردنی زێلێنسکی ڕایگەیاندوە، ترەمپ لە بەشدارکردنی زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکەی لاری نییە، بەڵام ئەم جارە ئامادەکارییەکان تەنیا بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی کراوە.

دوێنێ شەممە سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، فینلاند و کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوبەشدا جەختیان لەوە کردبووە کە هەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئۆکرانیا و ئەورووپا بپارێزێت. ئاماژەشیان دابوو، ڕێگای ئاشتی بەبێ ئۆکرانیا بڕیار لەسەر نادرێت، هاوکات بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بکات، داوای گەرەنتی ئەمنییان کردبوو.

لای خۆشییەوە، زێلێنسکی ستایشی هەڵوێستی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا کرد و گوتی: کۆتایی جەنگ دەبێت دادپەروەرانە بێت، ستایشی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئۆکرانیان و لە پێناو ئاشتی وڵاتەکەمان هەڵوێستیان هەبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە 15ـی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوەی نیوان پوتن و ترەمپ لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت.