وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئوردن و نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا لە عەممان کۆدەبنەوە

دوای کەمتر لە مانگێک هەر یەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ئۆردن و سووریا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە عەممانی بۆ جاری دووەم کۆدەبنەوە و باس لە پرۆسەی بنیات نانەوەی سووریا و ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکەن.

یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ڕۆژی سێشەممە وڵاتەکەی پێشوازی لە شاندەکانی سووریا و ئەمەریکا دەکات و لەبارەی دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی و دڵنیای دان لە ئاسایشی ئەو وڵاتە گفتوگۆ دەکرێت. باسیشی لەوە کردووە، شاندی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمەریکاش بە سەرۆکایەتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا دەبێت.

لای خۆشییەوە، تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن نووسیویەتی: ئەمە پابەندبوونی هاوبەشی ئێمەیە بە هەنگاوێک بۆ سووریایەکی فرە پێکهاتە و ئاشتی و خۆش گوزەران.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوە چوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، لە کۆبوونەوەی نێوان سەفەدی، شەیبانی و تۆم باراک، تاوتوێی دۆخی سووریا و هەوڵەکان بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە کرا، هەروەها هەر سێ لا پشتگیرییان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدا کرد، هەروەها جەختیان لە ڕێگریکردن لە دووبارە خوێنڕشتن و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل کردەوە.

لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە هەزار و 400 کەس کوژران.