ئێران: زەنگەزوور، مارێکی ژەهراوییە، دەبێت لەناو ببرێت

بەرپرسانی ئێران پرۆژەی ڕێڕەوی زەنگەزوور وەک هەرەشەیەکی فرەلایەنە دەبینن و دەڵێن: بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرۆژەیە دژایەتیکردنی ئاشتی نییە، بەڵکو بەرگرییە لە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی وڵاتەکەمان.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە پلانی دروستکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەینە هەر حکوومەتێک، چ لە ناوچەکەدا بێت یان لە دەرەوەی، لەوەی هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشوو سەبارەت بە ڕێڕەوی زەنگەزوور بدەن، چونکە ئێران بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێکی لەم جۆرە دەداتەوە."
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر لە وتارێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردبووەوە، گوتبووی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپشت داواکارییەکانی ئازەربایجانەوەیە بۆ زیندووکردنەوەی پرۆژەی ئەوەی پێی دەگوترێت 'ڕێڕەوی زەنگەزوور' ئێمە دەزانین ئامانجی سەرەکیی ئەوان لاوازکردنی بەرەی مقاوەمە و پچڕاندنی پەیوەندیی ئێرانە بە قەوقازەوە، ئەمە جگە لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر دەروازە وشکانییەکانی باکووری ئێران و باشووری ڕووسیا.
ویلایەتی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتبووی: ئەمڕۆش دوژمنان بە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی پلانی 'ڕێڕەوی زەنگەزوور' لە ژێر ناوی گەشەپێدانی ئابووریدا، هەڕەشە لە یەکێتیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەدەن. ئەم پلانە کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، بە ناونیشانی "ئەڵتەرناتیڤی ئۆکرانیا" هاتە ئاراوە، مەبەستی گەمارۆدانی هاوکاتی ڕووسیا لە باشوور و ئێران لە باکوورە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە، بە ڕاشکاوی و لە بەرزترین ئاستدا، دژایەتیی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە ڕاگەیاند و بە جێگیرکردنی هێزی سەربازی لەسەر سنوورەکانی کۆماری ئازەربایجان و بەڕێوەبردنی مانۆرێکی سەربازیی بەرفراوان، پەیامێکی ڕوونی دایە دوژمنان.
دەرەنجامە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕێڕەوی زەنگەزوور بۆ ئێران
یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی ڕێڕەوی زەنگەزوور، کەمکردنەوەی ڕۆڵی ترانزێتیی ئێرانە لە قەوقازی باشوور و پێگەی ستراتیجیی ئێران وەک پردی پەیوەندیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا لاواز دەکات. ئەم گۆڕانکارییە، سەربەخۆیی جیۆپۆلەتیکیی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و وابەستەیی زیاتر بە تورکیا و ڕێڕەوەکانی ژێر کۆنترۆڵی ناتۆوە دروست دەکات.
سەرباری ئەمانە، ڕێڕەوەکە دەتوانێت پەیوەندیی وشکانیی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا سنووردار یان دابخات. سنووری هاوبەشی ئێران و ئەرمینیا تەنها ڕێڕەوی ڕاستەوخۆی وشکانیی ئێرانە لە قەوقازەوە بۆ ئەورووپا.
زیانە ئابوورییەکانی ڕێڕەوی زەنگەزوور
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، ڕێڕەوی زەنگەزوور چەندان ئاستەنگ بۆ ئێران دروست دەکات. کەمبوونەوەی ڕۆڵی ترانزێتی بە واتای لەدەستدانی داهاتی گواستنەوەی کاڵا، وزە و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان دێت. ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت ئەو ڕێڕەوە بازرگانی و وزانەی بە خاکی ئێراندا تێدەپەڕین بسڕێتەوە و "ڕێڕەوی ناوەڕاست" بەهێز بکات، کە بەناو وڵاتانی تورکزماندا تێ دەپەڕێت. ئەمەش پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز دەکات.
هەڕەشە ئەمنییەکان و پێویستیی ڕێگری
لە ڕوانگەی ئەمنییەوە، ڕێڕەوی زەنگەزوور هەڕەشەی جددی بۆ سەر ئێران دروست دەکات. ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە نزیک سنوورەکانی باکوور، بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانە دوژمنکارانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکییەکانی چاودێری و سیخوڕی. گومانەکان سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەتی لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییەدا، ئەم نیگەرانییە زیاتر دەکات.
بەرگریی لە بەرژەوەندییەکان بە واتای دژایەتیی پەیوەندییە جوگرافییەکان نییە
سەرەڕای زیانە فرەجۆرەکان، هەندێک کەسایەتیی سیاسی و میدیایی نزیک لە حکوومەتی ئێران وا نیشان دەدەن ئەم بابەتانە لە دەرەوەی سنوورەکانن و ئێران نابێت دەستێوەردان بکات. ئەنجامی ئەم دیدە پاسیڤە، هەڕەشەی ناتۆیە بۆ سەر ئێران.
ئێران دژایەتیی پەیوەندییە جوگرافییەکانی نێوان وڵاتان ناکات، بەڵام بەرانبەر ئەو بیرۆکانەی ڕێڕەوە ترانزێتییەکانی سنووردار دەکەن، دەوەستێتەوە. دژایەتیی هەمیشەیی ئێران بۆ ڕێڕەوی زەنگەزوور لەسەر بنەمای گۆڕینی پێگەی جیۆپۆلەتیک و گۆڕینی سنوورەکانە.
سەرلەنوێ دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو،8ـی ئابی 2025، کۆشکی سپی میوانداریی سەرکردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیای کرد بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست، تەوەری سەرەکیی ڕێککەوتنەکە دروستکردنی ڕێڕەوی 'زەنگەزوور' بوو. ئەم ڕێڕەوە، بە درێژایی 43.5 کیلۆمەتر بە باشووری ئەرمینیادا تێ دەپەڕێت و بڕیارە کۆماری ئازەربایجان بە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی نەخچەوان و لە کۆتاییشدا بە تورکیاوە ببەستێتەوە.
بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی 99 ساڵ بە کۆمپانیایەکی ئەمەریکی سپێردراوە و ژێرخانی وەک هێڵی شەمەندەفەر، بۆریی نەوت و گاز، کێبڵی فایبەری ئۆپتیک و ئەگەری هێڵەکانی گواستنەوەی کارەباش لەخۆ دەگرێت. ئەم ڕێککەوتنە، بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕۆڵی پشت پەردەی تورکیا، دەرەنجامی قووڵی بۆ هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی قەوقازی باشوور و بەتایبەتی بۆ پێگەی ئێران دەبێت.
پرۆژەکە، بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکە دەدرێت. لێدوانە توندەکانی نێوەندگیری ئەمەریکیی دژی ئێران، لەوانەش هەڕەشەی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە هەمان کۆبوونەوەی ئێوارەی هەینیدا، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت ئاستەنگەکانی وەک کەمکردنەوەی ڕۆڵی ترانزێتیی ئێران، پچڕاندنی پەیوەندیی وشکانی لەگەڵ ئەرمینیا، زیادبوونی هەژموونی ناتۆ و ئەمەریکا لەسەر سنوورەکانی باکووری ئێران و بەهێزکردنی تەوەرەی تورکیا-ئازەربایجان دروست بکات. ڕێڕەوی زەنگەزوور وەک مارێکی ژەهراوی، هەڕەشەیەکی فرەلایەنەیە بۆ سەر ئێران و پێویستی بە وەڵامێکی توند هەیە. ئەم وەڵامدانەوەیە دژایەتیکردنی ئاشتی نییە، بەڵکو بەرگرییە لە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان.
مەبەستی سەرەکیی دروستکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور
فەلسەفەی دروستکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور ڕەگی لە کێبڕکێ دێرینەکانی ناوچەکەدا داکوتاوە. قەوقازی باشوور، بە مێژوویەکی پڕ لە ململانێی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەمیشە خاڵی یەکتربڕینی بەرژەوەندیی زلهێزەکان بووە. پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباغ، کە بووە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس، یەکێکە لە ئاڵۆزترین کێشەکانی ئەم ناوچەیە. ڕێڕەوی زەنگەزوور، وەک ڕێگایەک کە دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئازەربایجان بە نەخچەوان و تورکیاوە دابین دەکات، لە ڕوانگەی ستراتیجییەوە بۆ ئازەربایجان و تورکیا مەسەلەیەی ژیارییە و بەشێکە لە دیدگایەکی فراوانتر بۆ دروستکردنی تۆڕی ترانزیتی دوور لە هەژموونی ئێران و ڕووسیا.
ئەم پرۆژەیە دەتوانێت کاریگەریی گەورەی لەسەر گەمارۆدانی ئێران هەبێت؛ هەرچەند سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا هەوڵ دەدات ئەم پڕۆژەیە وەک چوارڕێیانی ئاشتی و دەرفەتێک بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران، ڕووسیا و چین نیشان بدات، بەڵام ئەم بانگەشانە لەگەڵ بەکرێدانی ڕێڕەوەکە بە ئەمەریکا، کە هۆکاری زیادبوونی گرژییەکانە لە ناوچەکە، ناگونجێت.