ماکرۆن: پلانی کۆنترۆڵکردنی غەززە کارەسات دەنێتەوە
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی داوە، دەبێت دەستبەجێ ئاگربەستی غەززە ڕابگەیەندرێت و یەکەیەک لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیری ناوچەکە دروست بکرێت.
دووشەممە 11ـی ئابی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، پلانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە کارەسات دەنێتەوە و بەرەوە شەڕێکی هەمیشەییمان دەبات. بەمەش دیلەکان و هاووڵاتی غەززە دەبنە قوربانی.
سەرۆکی فەرەنسا جەختیشی کردووەتەوە، دەبێت ئاگربەستی غەززە دەستبەجێ ڕابگەیەندرێت و ئەو شەڕە کۆتایی بێت. باسیشی لەوە کرد، دەبێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەیەک بۆ سەقامگیری ناوچەکە دابمەزرێنێت، بۆ ئەمەش تیمی نوێنەرایەتی وڵاتەکەمانم ڕاسپاردووە دەستبەجێ کار لەسەر ئەو پێشنیازە بکەن.
ڕۆژی یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دابوو، حەماس ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، بۆیە ئێمەش درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە دەدەین. گوتیشی نامانەوێت کەرتی غەززە داگیر بکەین بەڵکوو دەمانەوێت ڕزگاری بکەین و ئیدارەیەکی مەدەنی لە غەززە دابمەزرێت.
جەختی لەوە کردبووە، ئەگەر حەماس چەک دابنێت سبەی شەڕ کۆتایی دێت. هاوکات ڕەتیشی کردەوە کە حەماس ڕۆڵی لە حکوومەتی داهاتووی غەززە هەبێت.
ڕۆژی هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.