سەرکردەکانی ئەورووپا دەیانەوێت پێشوەختە لەگەڵ ترەمپ کۆببنەوە

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دوو ڕۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرۆکانی ڕووسیا و ئەمەریکا، ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی بە بەشداری لایەنی ئەورووپا، بەریتانیا و ئەمەریکا لەبارەی لێکەوتەکانی کۆبوونەوەکەی ڕێکخستووە.

دووشەممە 11ـی ئابی 2025، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، فرێدریک مێرز، لەبارەی کۆبوونەوەی ڤۆلۆدیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی بەشداری نەکردنی لایەنی ئۆکرانی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی ڕێکخستووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆنفرانسەکە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوە دەچێت و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بانگهێشتنامەی بۆ سەرکردەکانی ئەورووپا و ناتۆ، سەرۆکانی فەرەنسا و بەریتانیا ناردووە، هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس جێگرەکەی دەکەن.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش بەشداری ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە دەکات.

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کردووە، ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە لە چەند گەڕێکدا بەڕێوە دەچێت و باس لە بژاردەی زیاتر بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا و ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری بەڕێوەچوونی دانوستان دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەی بەپەلەیان لەو بارەوە ڕێکخست بوو.

هەروەها بڕیارە 15ی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوەی نیوان پوتن و ترەمپ لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت.