زێلێنسکی: کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوانیانە
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا بڕیار لەسەر داهاتوو ئۆکرانیا نادرێت، دەشڵێت، تاوەکوو ئۆکرانیا بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات، جەنگەکە کۆتایی ناهێت.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، لەبارەی کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان گرنگە، چونکە ئەوان بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانیا، هیچ بڕیارێکی لەبارەی داهاتوو ئەو وڵاتە نادەن.
زێلێنسکی ئاماژەشی دا، پێی وایە، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان لەگەڵ ترەمپ و پوتن بەڕێوە دەچێت، بەڵام نازانێت کاتەکەی کەی دەبێت، دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەگەر بیانەوێت جەنگی ئۆکرانیا کۆتاییبێت دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت.
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە بارەی کۆبوونەوەی سێقۆڵی و ئامادەبوونی زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکە گوتی: سەرەتا لەگەڵ پوتن کۆدەبمەوە و پێی دەڵێم دەبێت ئەو جەنگە کۆتایی پێبێنێت، دواتر سەرۆکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا کۆدەبنەوە و ئەگەر پێویستیش بکات منیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەم.
لەبارەی بەشداری نەکردنی زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکە ئاماژەی دابوو، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئۆکرانیا چەندین کۆبوونەوەی لەباری ئاگربەست کردووە، بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025، ترەمپ و پوتن لە ویلایەتی ئالاسکا لەبارەی چارەنووسی جەنگی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.