جێگری سەرۆکی ئێران: داواکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە گاڵتە دەچێت
جێگری سەرۆکی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئامادەن دانوستانی ڕاستەوخۆن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی نابن.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆکی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکات، بەو مەرجەی بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت و لە کەشێکی یەکسان و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت.
گوتیشی: داواکردن لە ئێران بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە گاڵتەیەک زیاتر هیچی دیکە نییە.
تاوەکوو ئێستا شەش گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چوو، کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانیی ئەمساڵ بۆ سەر ئێران دانوستانەکان ڕاوستان، هاوکات ئەورووپا و ئەمەریکا بەردەوام ئێران بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم تۆمەتبار دەکەن، لای خۆشییەوە ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، سەرەڕای ئەو بێ متمانەیی هەیانە، داوای دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکای کرد ئاماژەی دابوو، دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەگەر نە دیسانەوە تووشی جەنگ دەبینەوە، هاوکات ڕازیبوون بە دانوستان بە مانای خۆبەدەستەوەدان نادات، جەختیشی لەوە کردبووە، نابێت ئەم جۆرە بابەتانە نا واقیعیانە بڕیاری لەسەر بدرێت.
عەزیز غەزنفەری فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە لە وەڵامی پزیشکیاندا گوتی: دەبێت لە سیاسەتی دەرەوە زۆر هۆشیار بیت. هۆشداریشی دابوو، لێدوانی کەمتەرخەم ئەنجامێکی خراپی بۆ وڵات دەبێت.