لاڤرۆڤ و ڕوبیۆ ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپیان تاوتوێ کرد

کۆشکی سپی: کۆبوونەوە دوو قۆڵی ترەمپ و پوتن لەسەر داوای ڕووسیا بوو

هەر دوو وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەینی دووپات کردەوە.

سێشەممە 12ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

باسی لەوەش کردووە، هەر دوو وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو دووپات کردووەتەوە.

کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025، دەچێتە ئەنکۆریج لە ویلایەتی ئالاسکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن و گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندی دوو لایەنییان.

لەبارەی بەشداری نەکردنی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی دا، ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داواکاری پوتن بووە، بۆیە زێلێنسکی بەشدای کۆبوونەوەکە ناکەت.

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکراشی کرد، ترەمپ پلانی هەیە لە داهاتوودا بچێتە ڕووسیا.

دووشەممە 11ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕۆژی هەینی دەچم ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەبینم و گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەکەین و پێی دەڵێم دەبێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنیت. پێشتریش لەگەڵ پوتن قسەم کردووە، ئەویش دەیەوێت کۆببێتەوە. پێم وایە لە ئاگربەست نزیک دەبینەوە. هاوکات دوای کۆبوونەوەکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا دەکەم.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستبووڕوو، دۆخەکە ئێستا زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سەیری هەموو بژاردەکان دەکەن. ڕەنگە پێویست بکات ئەو دوو وڵاتە دەستبەرداری هەندێک ناوچەکانیان ببن، هەوڵدەدەین ئاگربەستێکی دادپەروەرانەمان هەبێت.گوتیشی: دەزانم زێلێنسکی نایەوێت دەستبەرداری هیچ خاکێکی بێت، بەڵام دەبێت واقیعی بێت و درێژە بەو جەنگە نەدات. 

ترەمپ ئاماژەشی دابوو، کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان پوتن و زیلێنسکی دەبێت، ئەگەر پێویستیشی بکات، منیش ئامادە دەبم.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی ڕووسیا کرد و بە نەتەوەیەکی شەڕکەر ناوی برد و گوتی ئەوان شەڕێکی زۆریان کردووە و لە هیتلەر و ناپلیۆنیان بردووەتەوە.