ئەورووپا و بەریتانیا: ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی باشمان لەگەڵ ترەمپ کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکە سەرکردەکانی ئەورووپا، سەرۆکەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا بەشداربوون، کە مەبەست لێی دڵنیابوونە لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی خاک لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا نەکات و بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا پارێزراو بێت.

هەڵوێست و لێدوانی بەشێک لە لایەنەکانی بەشداربوو لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە

یەکێتیی ئەورووپا

ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپا، ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی زۆر باشمان کرد.

ئاماژەشی داوە، سەبارەت بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی داهاتووی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئالاسکا گفتوگۆمان کرد .

باسیشی لەوە کرد، ئەمڕۆ ئەورووپا، ئەمەریکا و ناتۆ، هەڵوێستی هاوبەشیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا بەهێزتر کرد و لەو هەماهەنگییەش بەردەوام دەبینم، چونکە هیچ کەسێک هێندەی ئێمە خوازیاری ئاشتی نییە؛ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.

هاوپەیمانی ناتۆ

مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بەر لە کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ، ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا وڵاتانی ئەورووپا کرد.

هەروەها نووسیویەتی: ئێمە بەیەکەوە هەوڵدەدەین و فشار دەکەین کە ئەو جەنگە کۆتایی بێت و ئاشتییەکی بەردەوام بەدی بێت. ئێستاش بڕیارەکە لە دەست پوتندایە.

فەرەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ بە سەرکردە ئەورووپییەکانی گوت، ئامانجی سەرەکییان لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

بەگوێرەی لێدوانەکانی ماکرۆن، ترەمپ باسی لەوەش کردووە، ئۆکرانیا بڕیار لەسەر پرسی ڕێککەوتن لەبارەی ناوچەکان دەدات و لە کۆبوونەوەی ئەلاسکا هیچ گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ناوچە و هەرێمەکان ناکرێت.

ماکرۆن ئاماژەشی دا، سەرەڕای بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ترەمپ، بەڵام هێشتا ئەگەر سەپاندنی سزا نوێیەکانی سەر ڕووسیا هەیە.

سەرۆکی فەرەنسا ئەوەشی خستەڕوو، دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ پوتن و زێلێنسکی لە ئەورووپا ڕێک بخات.

ئەڵمانیا

فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرلین دوای ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باشی و بەرهەمداریان لەگەڵ ترەمپ هەبووە.

گوتیشی: سەرکردەکانی ئەورووپا خوازیارن دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن لە ئەلاسکا سەرکەوتوو بێت، بەڵام دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا پارێزراو بن، ئەمەشم بە ڕوونی بە ترەمپ گوتووە.

مێرز دەشڵێت: دەمانەوێت کۆبوونەوەکە بە ڕێکخستنێکی دروست بەڕێوە بچێت و ئاگربەستی ئۆکرانیا لە پێشینەی هەرە کارەکانیان بێت. پاشان دەبێت لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکان ڕێک بکەون.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، بە هیچ شێوەیەک دان پێ دانانی یاسایی بۆ خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیا ناکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە مەرجەکانی بۆ ئاگربەست لە ساڵی ڕابردووەوە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە و داوای کشانەوەی ئۆکرانیا دەکات لەو خاکانەی کە کۆنترۆڵی کردووە.

مێرز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئۆکرانیا ئامادەیە دانوستان لەسەر پرسە ناوچە داگیرکراوەکان بکات، بەڵام دەبێت هێڵە سنوورییەکان ببێتە خاڵی دەستپێکی دانوستانەکە، ئاماژەشی دا، کە ترەمپ تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئێمە لەم بارەیەوە. 

مێرز باسی لەوەش کرد، سەرۆکی ئەمەریکا دەزانێت کە ئەگەر ئەوان لە کارکردنی لەسەر ئاشتی لە ئۆکرانیا بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئەو وڵاتە بپارێزێت، ئەوا پشتیوانی تەواوی ئێمە لەم هەوڵەیدا بەدەست دەهێنێت.

ئۆکرانیا

هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا داوای سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر ڕووسیادا کرد. هیواشی خواست لە کۆبوونەوەکەی ئالاسکا پرسی ئاگربەستی ئۆکرانیا بابەتی هەرە سەرەکی کۆبوونەوەکە بێت.

زێلێنسکی گوتیشی: بە سەرۆکی ئەمەریکا و هەموو سەرکردەکانی ئەورووپام گوت، کە پوتن هەوڵی هەڵخەڵەتاندن دەدات، ئەو هەوڵ دەدات پێش کۆبوونەوەکەی ئالاسکا، فشار دروست بکات و پیشانی بدات کە دەتوانێت هەموو ئۆکرانیا داگیر بکات.

بەریتانیا

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەشداریکردنی کییەر ستارمەر، بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا نەگۆڕە و ڕوونە، هاوکات بە هیچ شێوەیەک نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە هێز بگۆڕدرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کراوە، دەبێت بۆ ئەمنییەتی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دڵنیایی بدرێت و بەشێک بێت لە ڕێککەوتنەکە. ئاماژەشی داوە، کییەر ستارمەر لە کۆنفرانسەکەدا باسی لەوە کردووە، لە ئەگەری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هێزەکانی هاوپەیمان و ئاشتیپارێز بۆ جێگیرکردنیان لەسەر سنوورەکان ئامادە کراون.

ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا گوتی: کۆنفرانسێکی زۆر باش بوو، لە کەشێکی دۆستانە بەڕێوە چوو و دە لە دە دەدەمە کۆنفرانسەکە.